Accessibility links

هاوسەری میری ئێزدیان: دۆخی ژنانی ئێزدی خراپە


Maya Kheri Beg
Maya Kheri Beg

هاوسەری میری ئێزدیان ڕایدەگەیەنێت، ژنانی ئێزدی لە دۆخێکی خراپی دەروونی و ژیاندان، بۆیە پێویستیان بە هاوکاری جدی هەیە لە ڕووی ماددی و دەروونیەوە، دەشڵێت سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 2600 ژنی ئێزدی هێشتا چارەنووسیان نادیارە، بەڵام وەک پێویست کار بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو ژنانە نەکراوە.

مایا خێری بەگ، هاوسەری میری ڕۆحی ئێزدیان میر حازم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو ژنانەی هاتوونەتەوە لە دەستی داعش لە زوڵمێک ڕزگاریان بووە و هاتوونەتەوە بۆ زوڵمێکی تر کە ژیان لەژیر خێمە و چادر دەکەن. موعاناتی ژێر خێمە زۆر زەحمەتە، فکری ئەوان هێشتا لەگەڵ کۆمەڵگە ئاسایی نەبووەتەوە و دۆخی داراییان زۆر خراپە. لە ڕووی دەروونیش دۆخیان زۆر خراپە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە دۆخی ژنانی ئێزدی خراپە."

وتیشی،" دەبێت ژنانی ئێزدی پەروەردە بکرێنەوە، لە ڕووی دەروونیەوە ماندوون ،لە ڕووی دارایی خراپن، پێویستیان بە دکتۆرە چونکە زۆرینە خێزانیان نەماوە، بەشێکیان گەشتنە ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان، بەڵام دەنگمان وەک پێویست ناگات. ژنانی سەرکردەی کورد پێویستە ژنی ئێزدی وەک خوشک و دایکی خۆیان ببینن، دەنگی ئەوان بگەیەنن و ئومێدی ئەوان جێبەجێ بکەن، پێویستە ژنانی سەرکردە بەرگری لەژنانی ئێزدی بکەن."

دوای هێرشەکەی داعش لە مانگی ئابی ساڵی 2014 بۆسەر ئێزدیەکان، 6410 ژنی ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ، بە پێی ئامارەکان هێشتا زیاتر لە 2600 ژن بێسەروشوێنن. هاوکات ناو بە ناو لە ڕێگەی دەزگا ئاسایشییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە هەوڵی دۆزینەوەی ژنانی ئێزدی دەدرێت، بەڵام مایا خێری دەڵێت "هەوڵەکان وەک پێویست نین و ژنانی ئێزدی گەورەترین زوڵمیان لێدەکرێت."

مایا خەیری بەگ دەڵێت " ئەو زوڵمەی لە ژنانی ئێزدی دەکرێت هیچ جێگەی قبوڵکردن نییە، دەنگمان دەگەیەنینە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی، هەرچەندە چەند نموونەیەک هەبوو، بەڵام دەبێت بەڕاستی ئیشمان بۆ بکەن و گوێ لە ژنانی ئێزدی بگیرێت و مافیان بۆ وەربگرنەوە."

دەشڵێت "تا ئێستا 2600 ژن نادیارن. بە پێی زانیارییەکان لە زۆر شوێنن، بەڵام بەشێکی زۆر لە کامپی هۆڵ هەن، ئەو کامپە نزیکە و دەتوانرا ئازاد بکرێن. حکومەتی عێراق وتیان لیژنەیەک دروست بکەین تا ئەو ژنانە بگەڕێنینەوە، بەڵام ئەوە چەند ساڵ تێپەڕی و هیچ نەکرا. دوو ساڵ جارێک ژنێک دەگەرێتەوە، ئەوە وەک پێویست نییە."

بەمەبەستی باشترکردنی دۆخی ژنانی ئێزدیش بە گشتی، مایا خەیری داوای بەستنی کۆنگرەیەکی گشتی دەکات و دەڵێت "دەبێت کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی ببەسترێت لەو کۆنگرەیەدا ژنانی ئێزدی بەشدار بن، تا بزانن دۆخی ژنانی ئێزدی چییە، هەتا ئەو کۆنگرەیە نەبەسترێت، پێم وایە دۆخی ژن بەرەو باشی ناچێت. هاوکات ژنانی ئێزدی قوربانی گەورەیان دا، دەبێ تەقدیر بکرێن، ڕێزیان لێبگیریت تەنانەت لە دائیرەیەک ڕێزی جیاوازیان لێبگیرێت، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جیاواز سەیر بکرێن کە سەری خۆیان دانەنواند بۆ داعش و لەسەر پێی خۆیان وەستان."

XS
SM
MD
LG