سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گرفتێکی گەورە بەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی گرتووە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی موڵک و بینا گرنگەکانی حزب بەناوی عەبدوڵای حاجی مەحمود و کەسە نزیکەکانیەتی، لەکاتێکدا ئەوان لە حزب دەرکراون و حزبێکی تریان دروستکردووە.
دوای تەقینەوەی کێشەکانی لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و کەسە نزیکەکانی لەو حزبە دەرکران و لە ئێستادا بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی عێراقیان دروستکردووە و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارییان کرد بەڵام هیچ کورسییەکیان بەدەستنەهێنا.
سەرچاوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو موڵکانە هۆکارێکن بۆ سەرهەڵدانەوەی کێشەی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای، چونکە محەمەدی حاجی مەحمود داوای بیناو موڵکەکانی حزب دەکات."
هەروەها وتیشی،"بەپێی بڕیاری دوایین کۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموکرات، دەبێت ئەو کەسانەی دەرکراون و موڵک و ماڵی حزبیان لایە بیگێڕنەوە."
دوێنێ دووشەممە، 11 ی مانگی 11 ی 2024، ناکۆکی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای سەریهەڵدایەوە، دوای ئەوەی بە بڕیاری محەمەدی حاجی مەحمود خانووەکەی عەبدوڵا لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزوور ڕووخێنرا.
عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم لە بارەی ڕووخانی خانووەکەی بە بڕیاری محەمەدی حاجی مەحمودی برای، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "ئەم جۆرە کارانە تەنها لەم کەسانە دەوەشێتەوە کە داماڵراون لە هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی، ئێمە پشوو درێژین و بەمجۆرە کارە لەرزۆکانە تێک ناچین و ڕەوتی کارو خەباتمان بەردەوامەو وەک چیاکانی کوردستان بەهێزین."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە فەرهاد تۆفیق وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
لە مانگی 3 ی ساڵی 2024، کێشەی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای زیاتر پەرەیسەند، دوای ئەوەی لە گوندی گوڵەخانە بارگرژی لە نێوانیان ڕوویداو هۆکاری بارگرژییەکەش بۆ ناکۆکی نێوان هەردوولا لەسەر پۆستی سەرۆکی یانەی بەختیاری سەربە حزبەکە گێڕدرایەوە.
ڕۆژی 4-4-2024، ناکۆکی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و عەبدوڵای برای پێکدادانی چەکداری لێکەوتەوە، بەو هۆیەوە کەسێک کوژراو چەند کەسێکیش برینداربوون.
سەرهەڵدانەوەی کێشەی نێوان محەمەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای لەکاتێکدایە، ماوەی چەند مانگێکە هێزێکی ئاسایش لە خانووەکەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە گوندی گوڵەخانە بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی بارگرژی جێگیرکرابوون، بەڵام هێزەکەی ئاسایش لە پڕ کشایەوەو محەمەدی حاجی مەحمودیش خانووەکەی ڕووخاند.
سەرچاوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت،"محەمەدی حاجی مەحمود بۆیە خانووەکەی عەبدوڵای ڕووخاند تا جارێکی تر نەگەڕێتەوە گوڵەخانەو کێشە ڕوو نەداتەوە."
لە مانگی چواری ئەمساڵ، پارتی سۆسیال دیموکرات بە سەرۆکایەتی محەمەدی حاجی مەحمود کۆنگرەی بەست، لە کۆنگرەدا بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری سەرۆک و لیوا سەڵاحی زاوای عەبدوڵا فەرماندەی هێزەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات و ژمارەیەک بەرپرسی تری نزیکیان درا.
بەپێی وتەی مەکتەب سیاسییەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات، کێشەی تری یاسایی لە نێوان پارتی سۆسیال دیموکرات و عەبدوڵای حاجی مەحمود بە ڕێگەوەیە، چونکە زۆربەی موڵکە گرنگەکانی حزب بەناوی عەبدوڵا حاجی مەحمودو لیوا سەڵاحی زاوایەوەیەتی.
مەکتەب سیاسییەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت،"بینای ئیدارەو دارایی حزب لە سلێمانی ڕووبەرەکەی 650 مەترەو پێشتر بە سەرووی 300 هەزار دۆلار کڕدراوە بە ناوی عەبدوڵای حاجی مەحمودەوەیە، هەروەها سێ بارەگای تری حزب لە کەرکوک بە هەمان شێوە بە ناوی کاک عەبدوڵاوەیە. بینای مەکتەبی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان بە 130 هەزار دۆلار کڕدراوە لەگەڵ بینای مەڵبەندی خورماڵ بەناوی لیوا سەڵاح ی زاوای عەبدوڵای حاجی مەحمودەوەن."
هەروەها وتیشی،"بینای حزب لە قەڵادزەو عەرەبەت و ناحیەی سیروان بەناوی کاک نەوزادەوەن کە برای لیوا سەڵاحەو ئێستا پشتگیری محەمەدی حاجی مەحمود دەکات. بینای کەناڵی جەماوەر لە سلێمانی بە ناوی محەمەد دۆڵاشی جێگری محەمەدی حاجی مەحمود و بینای بارەگای پێنجوێنیش بە ناوی مەلا لوقمان ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوەیە."
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتکێشان دا هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستکرد، ئەم هاوپەیمانێتییە 13 هەزارو 188 دەنگی بەدەستهێناو بووە خاوەنی تەنها یەک کورسی پەرلەمانی کوردستان.