Accessibility links

سودانی سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە


سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی
سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە 13 بەسەردانێکی فەرمی گەشتە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان.

یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی کۆبونەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان لە هەرێمی کوردستان.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت " گفتوگۆ لەسەر سەرجەم پرسە نیشتمانییەکان کرا، لەوانەش دۆسیە هاوبەشەکان و پێویستی چارەسەرکردنیان، بەپێی ئەوەی لە دەستووردا هاتووە."

هەروەها دەشڵێت باس لە " گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاری نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم،" کراوە "لە چەند دۆسیەیەکدا کە پێشتر بووەتە هۆی چارەسەرکردنی چەندین پرسی هاوبەش."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت سوودانی، "پیرۆزبایی لە هەرێمى كوردستان کرد بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنی پەرلەمان و ستایشی بەشداريی بەرفراوانی هاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كرد کە نیشانەی هۆشیاريی سیاسيی گەلی کوردستان و پابەندبوونيه‌تی بە پرۆسەی دیموکراسییەوه‌."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان لە ڕێگەی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌، کردەوە. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوانيان."

لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر سودانی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێکرا و پێکەوە کۆبونەوەیان ئەنجام دا. بارزانی لە ڕاگەیاندێکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەی سودانی و گوتی " بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە شایستە داراییەکانی هەرێم و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاسایش و وزە و بەرەوپێشچوونی ئابووری هەن کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین."

بێجگە لە سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر سودانی سەردانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانیشی کرد، پاشان بۆ سلێمانی بەڕێکەوت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە ناویاندا سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کورستانیش.

XS
SM
MD
LG