چەند ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکان، دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، چەند بژاردەیەکی پەسەندکراوی خۆی بۆ پۆستە سەرەکییەکانی بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ڕادەگەیەنێت.
لەم بابەتەدا سەرنجێکی گشتی دەخریتە سەر کۆمەڵێک کەسایەتی کە بانگهێشت کراون بۆ ئەوەی لە حکومەتەکەی دانۆڵد ترامپدا بەشدار بن، یان میدیاکان بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیان باس لە بوونی ئەوانە دەکەن لە کابینەی داهاتووی ترامپدا.
کریستی نۆم- وەزیری ئاسایشی ناوخۆ
بەپێی هەواڵی میدیاکان، کریستی نۆم، فەرمانڕەوای داکۆتای باشوور، هەڵبژاردەی دانۆڵد ترامپه بۆ وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ.
کریستی نۆمی تەمەن 52 ساڵ، لایەنگرێکی دڵسۆزی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکایە و تەنانەت یەکێک بوو لە هەڵبژاردنە ئەگەرییەکانی ترامپ بۆ جێگری سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
ناوبراو لە شاری واتەرتاون لە داکۆتای باشوور لەدایک بووە و یەکێک لە هەستیارترین پۆستەکانی حکومەتی ئەمەریکا وەردەگرێت کە جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەی ئەلیکترۆنی یان کردەوەی تیرۆریستی، ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی دانۆڵد ترامپدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەرانی نایاسایی.
کریستی نۆم زانیارییەکی زۆری لەسەر ڕووداوە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا، ئەمەش بەهۆی بوونی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکان، هەروەها خوێندنی لە بواری زانستە سیاسییەکان.
وەک یەکەمین فەرمانڕەوای ژنی داکۆتای باشوور، پشتگیری لە ڕێبازێکی توند دەکات بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سیاسەتە ناسەقامگیرییەکانی لە ناوچەکە، بە تایبەت ئەوانەی دژی ئیسرائیل دەیکات.
کریستی نۆم وێڕای ڕەخنەگرتن لە حکومەتی ئێران بۆ پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس یان پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، داوای ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی جیددی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە
بەپێی هەواڵی میدیاکان، پێدەچێت مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری کۆمارییەکانی فلۆریدا، هەڵبژێردراوی دانۆڵد ترامپ بێت بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە.
مارکۆ ڕوبیۆی تەمەن 53 ساڵ بە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، کوبا و چین ناسراوە. کوڕی خێزانێکی کۆچبەری کوبایە و لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا لەدایکبووە.
ڕوبیۆ، پارێزەر و سیاسەتمەدار و سیناتۆری باڵای ویلایەتی فلۆریدایەکە لە ساڵی 2011ەوە لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکایە.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2016دا نەیاری دانۆڵد ترامپ بوو، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکی نزیکیان لە نێواندا دروستبووە.
ڕوبیۆ لەکاتی دژایەتیکردنی ڕێککەوتنامەی ناوکی نێوان ئیران و زلهێزان، چەندین جار ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەلەدا گرتووە.
ناوبراو داوای سزای توندی ئابووری و پێش گرتنی فرۆشتنی نەوتی نایاسایی و سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە.
مایکڵ واڵتز- ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی
بەپێی هەواڵی میدیاکان، مایکڵ واڵتز، یاسادانەری ویلایەتی فلۆریدا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و ئەفسەری پێشووی سوپای ئەمەریکا، دەبێتە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دانۆڵد ترامپ.
مایکڵ واڵتزی تەمەن 50 ساڵ کە شوێنی جەیک سولیڤان دەگرێتەوە، بە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر چین و کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراوە.
لە شاری بۆینتۆن بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا لەدایکبووە و لە پەیمانگای سەربازی ڤێرجینیا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خوێندووە.
مایکڵ واڵتز خاوەنی پێشینەیەکی سەربازی درەوشاوە و ئەندامی هێزە تایبەتەکان لە ئەفغانستان و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بووە.
مایکڵ واڵتز دژی ڕێککەوتنامەی ناوکی نێوان ئیران و زلهێزانە و ڕەخنەی لە حکومەتی ئێران گرتووە کە پشتیوانی تیرۆر و گروپە بە وەکالەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هەروەها بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
کۆماری ئیسلامی وەک حکومەتێک دەزانێت کە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات و پەرە بە ناسەقامگیری ناوچەکە دەدات.
واڵتز لایەنگری سیاسەتی زۆرترین گوشارە لە دژی حکومەتی ئێران و داوای دابڕانی ئابووری و دیپلۆماسی تاران دەکات بۆ سنووردارکردنی ڕەفتارە ناسەقامگیرکەرەکانی.
لی زێڵدێن، بەڕێوەبەری دەزگای پاراستنی ژینگە
دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە پەیوەندی بە لی زێڵدێن، پەرلەمانتاری پێشووی ویلایەتی نیویۆرک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی دەزگای پاراستنی ژینگە بکات.
لی زێڵدێن ، پارێزەر و سیاسەتمەدار، تەمەنی 44 ساڵە و لە شاری ئیست میدۆی ویلایەتی نیویۆرک لەدایک بووە.
لە ساڵی 2022 وەک کاندیدێکی کۆمارییەکان بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاری ویلایەتی نیویۆرکدا کرد، بەڵام بە بەرامبەرە بە ڕکابەرە دیموکراتەکەی دۆڕا.
ترامپ بە ئاماژەدان بە باکگراوندی یاسایی زۆر بەهێزی لی زێڵدێن لە پێشخستنی سیاسەتی "ئەمەریکا یەکەم"دا بە جەنگاوەرێکی ڕاستەقینە وەسفی کرد.
ستیڤین میڵەر، جێگری سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی بۆ سیاسەت
بەپێی هەواڵی میدیاکان، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ستیڤین میڵەر وەک جێگری سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی بۆ سیاسەتەکان دەستنیشان بکرێت.
ستیڤین میڵەر تەمەن 39 ساڵ لە خێزانێکی جوو لە شاری سانتا مۆنیکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایک بووە و ڕاوێژکاری باڵای دانۆڵد ترامپ بووە لە بەڕێوبەرایتی یەکەمدا.
ستیڤین میڵەر مێژوویەکی هەیە لە کارکردن لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتمەداری ناسراوی ئەمەریکا و بە کەسایەتییەکی ڕاستڕەو و دژە کۆچبەری دادەنرێت.
ئەو لایەنگرێکی سەرەکی بەرنامەکانی وەک "قەدەغەکردنی گەشت" و جیاکردنەوەی منداڵی کۆچبەرانی نایاسایی لە خێزانەکانیان بووە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا.
تامێس هۆمەن ، بەرپرسی بالای کاروباری سنوورەکان
دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە، تامێس هۆمەن بەڕێوەبەری بەوەکالەتی کۆچبەران و کاروباری گومرگی لە خولی یەکەمی بەڕێوبەرایەتییەکەدا بۆ پۆستی بەرپرسی سەرەکی سنوورەکان کاندید دەکات.
تامێس هۆمەن لە دۆخێکدا بۆ ئەم پۆستە دادەمەزرێت کە یەکێک لە پلانە سەرەکییەکانی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریکا دیپۆرتکردنەوەی کۆمەڵێک کۆچبەری نایاساییە لەم وڵاتە.
تامێس هۆمەنی تەمەن 62 ساڵ، لەدایکبووی وێست کارتاجی نیویۆرک، ئەفسەری پێشووی پۆلیس و بەرپرسی کۆچبەران بووە لە بەڕێۆبەرایەتی ئۆباما و ترامپدا و لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاساییە و دژی بیرۆکەی دروستکردنی جێگاکانە بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە ناوچە جیاوازەکان لە ئەمەریکا.
ئەو بە پێویستی دەزانێت سنوورەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن و سیاسەتی توند لە دژی کۆچبەرانی نایاسایی جێبەجێ بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی نایاسایی بۆ ئەمەریکا و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
ئەڵیس ستیفانیک- باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
دانۆڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ئەڵیس ستیفانیک، پەرلەمانتاری کۆماری نیویۆرک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کاندید کرد بۆ ئەوەی ببێتە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ترامپ لە بەیاننامەکەیدا ئەڵیس ستیفانیک بە "جەنگاوەرێکی زۆر بەهێز و ماندوونەناس و زیرەک" وەسفکردووە لە پێشخستنی ڕێبازی "ئەمەریکا یەکەم".
ناوبراو لە شاری ئەلبانی نیویۆرک لەدایک بووە، تەمەنی 40 ساڵە، یەکێکە لە لایەنگرانی جدی دانۆڵد ترامپ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا.
ئەڵیس ستیفانیک خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە "حکومەت" لە زانکۆی هارڤارد. ئەو کەسایەتییە لایەنگری ئیسرائیلە و ڕەخنەی توندی لە سەرۆکەکانی هارڤارد و پێنسیلڤانیا و ئێم ئای تی گرت بەهۆی مامەڵە نەکردنی توندیان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی دژە ئیسرائیل لەو زانکۆیانە.
ئەڵیس ستیفانیک بە ڕەخنەگرێکی جیددی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دادەنرێت و چەندین جار پشتیوانیی حکومەتی ئێرانی لە کردەوە تیرۆریستییەکان و تاقمە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکە بە تایبەت دژی ئیسرائیل شەرمەزار کردووە.
بە گوتەی ئەڵیس ستیفانیک، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا سیاسەتی"ئەوپەڕی گوشار" دژی کۆماری ئیسلامی دەستپێدەکاتەوە.
سوزی وایڵز، سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی
دوای ئەوەی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، سوزی وایڵز، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی وەک سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی هەڵبژارد.ئەمە یەکەم ژنە کە هەڵبژێردراوە بۆ خزمەتکردن لەم پۆستەدا.
سوزی وایڵزی تەمەن 67 ساڵ، ڕاوێژکاری سیاسییە و لە ویلایەتی نیوجرسی لەدایک بووە، مێژووی کارکردنی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییە جیاوازەکان لە ژیانی پیشەییدا هەیە؛ هەروەها لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ڕۆناڵد ڕیگان، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا چالاک بوو.
سوزی وایڵز پسپۆڕی زمانی ئینگلیزییە لە زانکۆی مێریلەند و دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی بە جددی چووەتە بواری سیاسەتەوە. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016دا، هەڵمەتی هەڵبژاردنی دانۆڵد ترامپ لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەبردووە و لە ساڵانی ڕابردووشدا لە قۆناغە جیاوازەکاندا هاوکاری لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کردووە.
جان ڕاتکلیف ، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی
دانۆڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند جان ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری پێشووی زانیاری نیشتمانی بۆ سەرۆکایەتی سی ئای ئەی، کاندید دەکات. ڕاتکلیف شەشەمین بەڕێوەبەری زانیاری نیشتمانی بوو کە لە هەشت مانگی کۆتایی ئیدارەی ترامپ لە ساڵی 2020دا کاری کردووە.
پیت هێگسێت، وەزارەتی بەرگری
لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەنیازە پیت هێگسێت، سەربازی دێرین لە سوپا و یەکێک لە پێشکەشکارانی تۆڕی فاکس نیوز، وەک وەزیری بەرگری کاندید بکات.
دانۆلد ترامپ لە ناساندنی پیت هێگسێتدا ئاماژەی بەوەدا کە کەسێکی زیرەک و خوێندەوارە لە زانکۆکانی پرینستۆن و هارڤارد و بە درێژایی تەمەنی شەڕی بۆ وڵاتەکە کردووە.
ئیلان ماسک و ڤیڤێک ڕاماسوامی بۆ وەزارەتی بەرهەمهێنانی حکومەت
دانۆڵد ترامپ ئیلان ماسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، لەگەڵ ڤیڤێک ڕاماسوامی، خاوەنکارێکی هیندی-ئەمەریکایی بۆ سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی بەرهەمهێنانی حکومەت کە تازە دروستکراوە، کاندید دەکات.
ترامپ داوای لە ماسک و ڕاماسوامی کردووە کە ڕێگا بۆ حکومەتی کارا خۆش بکەن لە ڕێگەی نەهێشتنی کۆتوبەند و کەمکردنەوەی ئەو ریسانەی ئەو بە زیادە ناویان دەبات.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا