Accessibility links

ترامپ و بایدن لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە


دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە سەرکەوتوویی گەڕایەوە واشنتن و بۆ یەکەمجار لە ماوەی چوار ساڵدا هاتە ناو کۆشکی سپی و لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی لەسەر دەرچوونی ئەمەریکا کۆبووەوە.

بایدن ترامپی بانگهێشت کرد بۆ سەردانێکی نەریتی بۆ ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات بە شێوەیەکی دیموکراسی لە 20ی مانگی یەکی داهاتوو لە نێوان سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و سەرۆکی داهاتوو.

ئەو دوو پیاوە پێکەوە لە ئۆفیسی بایدن (ئۆڤڵ ئۆفیس) دانیشتن و قسەیان کرد.

بایدن گوتی "من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە گواستنەوەیەکی ئاسایی ببێت و ئەمڕۆش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە باسی بەشێک لەو شتانە دەکەین."

ترامپ لە وەڵامدا گوتی " زۆر سوپاست دەکەم" ئاماژەی بەوەشکرد، "سیاسەت سەختە و لە زۆر باردا جیهانێکی زۆر خۆش نییە. ئەمڕۆ جیهانێکی خۆشە و من زۆر پێزانینم بۆ گواستنەوەیەکی ئارام هەیە و زۆریش ئەوە بەرز دەنرخێنم، جۆو. سوپاست دەکەم."

بایدنیش وەڵامی دایەوە " شایانی نییە".

خانمی یەکەم جیل بایدن لەگەڵ هاوسەرەکەیدا لە کاتی گەیشتنی بۆ کۆشکی سپی سڵاوی لە سەرۆکی هەڵبژێردراو کرد. کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، نامەیەکی دەستنووسی پیرۆزبایی بۆ مێلانیا هاوسەرەکەی داوە بە ترامپ و ئامادەیی تیمەکەی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن لە گواستنەوەکەدا.

خانمی یەکەمی پێشوو کە لە ساڵی 2017تا 2021 لە کاتی سەرۆکایەتی یەکەمی هاوسەرەکەیدا لە کۆشکی سپی ژیاوە، یاوەری نەکردووە بۆ واشنتن و ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئایا پلانی هەیە جارێکی دیکە بچێتە ناو کۆشکی سپی کاتێک هاوسەرەکەی دەستبەکار دەبێتەوە یان نا.

جۆو بایدن، دیموکراتێک کە خۆی بۆ هەڵبژاردنەوە کاندید کردووە، بۆ جاری دووهەم هەوڵی شکستی ترامپی کۆماریی دابوو، بەڵام لە مانگی حەوتدا کۆتایی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هێنا، دوای ئەوەی لە مشتومڕێکدا دژی ترامپ بە ئاستێکی لاوازی نیشان دا. بایدن بە خێرایی پشتگیری لە کامڵا هێرسی جێگری سەرۆک کۆمار کرد بۆ ئەوەی جێگەی بگرێتەوە، بەڵام ترامپ هەفتەی ڕابردوو لە هەڵبژاردنەکاندا حەوت ویلایەتی گۆڕەپانی شەڕی سیاسیی بردەوە و بە ئاسانی شکستی پێهێنا.

کاتێک بایدن لە ساڵی 2020دا شکستی بە ترامپ هێنا، ترامپ هیچ بانگهێشتێکی کۆشکی سپی نەکرد بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵیدا پێش دەستبەکاربوونی و دواتر دوو کاتژمێر پێش سوێندخواردنی بایدن لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا، واشنتنی بەجێهێشت.

ترامپ کە تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی نادروست بانگەشەی ئەوە دەکات فرتو فێڵکرابوو لە هەڵبژاردنەکاندا، یەکەم سەرۆک بووە کە شایەتحاڵی دەستبەکاربوونی جێنشینەکەی نەبووە لە وەتای ساڵی 1879وە کە ئەندرۆ جۆنسۆن لە سوێندخواردنی یولیسس ئێس گرانت ئامادە نەبوو.

بایدن بەنیازە شایەتحاڵی دەستبەکاربوونی ترامپ بێت.

ترامپ هەروەها لەگەڵ یاسادانەرانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەوە. کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئێستادا زۆرینەیەکی ئاستەمیان هەیە و نزیکن لەوەی لە 3ی مانگی یەکدا ببن بە زۆرینە لە کۆنگرێس هەرچەندە ئەنجامی زیاتر لە دەیان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تا ئێستا نادیارە.

ترەمپ بە خێرایی ئیدارە نوێیەکەی دیاری دەکات و ئەو کۆمارییانە دادەنێت کە لە ماوەی چوار ساڵی دوورکەوتنەوە لە پۆستەکەیدا دڵسۆزییان بۆی هەبووە. چەندین کەسایەتی سەرەکی بۆ ڕۆڵی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی هەڵبژاردووە، لەوانە پێشکەشکاری فۆکس نیوز پیت هێگسێتی سەرباززی دێرین لە عێراق و ئەفغانستان وەک هەڵبژاردەی خۆی بۆ وەزیری بەرگری.

هەڵبژاردنی هێگسێت لە دەرەوەی نۆرمەکانی ئەو کەسانە بوو کە زۆربەی کات وەک سەرۆکی پنتاگۆن ناویان دەهێنرا. بەڵام لە خولی یەکەمیدا لایەنگرێکی دەنگی ترامپ بوو، ئەجێندای "ئەمەریکا یەکەم" ی لەخۆ گرتبوو کە هەوڵی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لە دەرەوە دەدات و زۆرجاریش دۆزی سەربازە دێرینەکانی شەڕ کە تۆمەتبارن بە تاوانی جەنگ، گرتە ئەستۆ.

هەروەها ترەمپ کریستی نۆم، فەرمانڕەوای داکۆتای باشووری وەک هەڵبژاردەی خۆی بۆ سەرۆکی ئاسایشی ناوخۆ ڕاگەیاندووە، جۆن ڕاتکلیفی وەک بەڕێوەبەری سی ئای ئەی هەڵبژاردووە و بەپێی هەواڵەکان، یەکلایی بووەتەوە لەسەر مارکۆ ڕوبیو، سیناتۆری فلۆریدا وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە دیپلۆماتکاری باڵای وڵاتەکەیە.

هەردوو ڕوبیۆ و نۆم چەند مانگێک لەمەوبەر لە لیستی کورتی ترامپ بۆ جێگری سەرۆکایەتی بوون. لە کاتێکدا دواتر ترامپ سیناتۆری خولی یەکەمی ویلایەتی ئۆهایۆ جەی دی ڤانسی هەڵبژارد کە ئێستا جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکایە.

ڕاتکلیف شەشەمین بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی وڵات بوو، لە ماوەی هەشت مانگی کۆتایی ئیدارەی ترامپدا دوای پرۆسەیەکی سەختی پشتڕاستکردنەوەی.

ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە بازرگانێکی ملیاردێر ئیلۆن ماسک و خاوەنکار و کاندیدی پێشووی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ڤیڤێک ڕاماسوامی سەرکردایەتی ئەو کارە دەکەن کە ترامپ ناوی لێنا وەزارەتی کارایی حکومەت. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێشکەش دەکەن بۆ "چالاککردنی چاکسازیی پێکهاتەیی بەرفراوان" لە حکومەتی فیدراڵیدا.

کورتکراوەی دەزگا نوێیەکە، DOGE، ئاماژەیەکە بۆ دراوی کریپتۆی دڵخوازەکەی ماسک، dogecoin.

هەڵبژاردە دیارەکانی دیکەی ترامپ بریتین لە ویلیام مەکگینلی وەک ڕاوێژکاری کۆشکی سپی، ئەندامی کۆنگرێسی فلۆریدا مایکل واڵتز وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و تۆماس هۆمان، سەرۆکی پێشووی کۆچبەری بە وەکالەتی ترامپ بۆ کاروباری سنوور بۆ سەرۆکایەتیکردنی هەوڵەکان بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە، کە ڕەنگە ملیۆنان لەوانە لەئەمەریکادابن.

ماوەیەکی کورت پێش هەڵبژاردنەکان، ترامپ کە بە دەگمەن بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێت هەڵەیەکی کردبێت، بە پۆدکاستەر جۆو ڕۆگان-ی وتووە کە گەورەترین هەڵەی لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا دامەزراندنی "کەسانی خراپ یان کەسانی ناپاک" بووە.

وتیشی "هەندێک کەسم هەڵبژارد کە نەدەبوو هەڵیانبژێرم".

هەندێک لەو بەرپرسە باڵایانەی کە ترامپ ئەوکات هەڵیبژاردبوون، لەوانە جۆن کێلی سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا و جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بوونە ڕەخنەگری توندی گشتیی ترامپ دوای ئەوەی ترامپ لە پۆستەکەی دووریخستەوە. کێلی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمساڵدا وتی کە ترامپ پێناسەی فەرمانڕەوای فاشیستی بەدیهێناوە. ترامپ کێلی بە "شەڕفرۆش بەڵام کەسێکی لاواز" ناودێر کردووە و بۆڵتنی بە "گەمژە" ناوبرد.

ڕوبیۆ لەکاتی خۆکاندیدکردنی بۆ بوون بە بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2016دا، شەڕێکی توندی لەگەڵ ترامپدا کرد. ڕۆبیۆ گاڵتەی بە ترامپ کرد و گوتی دەستی بچووکە و ڕەنگی پرتەقاڵی سپرای لەبەردایە، لەکاتێکدا ترامپ گاڵتەی بە ڕوبیۆ کرد و بە " مارکۆی بچووک" ناودێری کرد.

بەڵام ڕوبیۆ وەک ژمارەیەکی زۆر لە ڕەخنەگرانی دیکەی ترامپ، لایەنگرێکی سەرسەختی ترامپ بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمساڵیدا. لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاشکاوانە لەبارەی سیاسەتی دەرەوە قسەی کردووە و هەڵوێستی توندی لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کوبا، چین، ئێران و ڤەنزوێلا وەرگرتووە.

XS
SM
MD
LG