ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە گەشتی بۆ ئیران کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئەم مانگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند "بەدیهێنانی ئەنجامێک لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ ئەوەی شەڕ ڕوونەدات، پێویستە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە لەو کۆنفرانسەدا وتی "لەم کاتەدا پێویستە ئەنجامێکی کۆنکرێتی و دیار بەدەست بهێنین کە دەریدەخات کارە هاوبەشەکان بەرەوپێشچوون و ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە ململانێ و دواجار شەڕ."
گرۆسی هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" دیدارەکەی پێنجشەممەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە "پێویست" ناودێر کرد. به پێی ڕاپۆرتەکان، عەراقچی له م دیداره دا وتویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیه بۆ دانوستانه ناوکییەکان و چارەسەرکردنی کێشە ناکۆکییەکان لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمی سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران بەو کۆتوبەندانەی بۆ بەرنامە ناوکییەکەی دنراوە، بەڵام وتویەتی له ژێر گوشاردا ئه و کاره ناکات.
گرۆسی ڕۆژی سێشەممە لە سەروبەندی سەفەرەکەی بۆ تاران وتی "کۆماری ئیسلامی دەبێ درک بەوە بکات کە دۆخی نێودەوڵەتی بەرەو خراپتربوون دەڕوات و مەودای مانۆڕەکان تا دێت کەم دەبێتەوە."
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی جەختی لەسەر پێویستی "دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی" کردەوە.
ڕافائیل گرۆسی بە ئاماژەدان بە "ڕەهەندەکان، قوڵایی و تەماحەکان"ی بەرنامەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی، وتی "دەبێ ڕێگاکان بۆ فراوانکردنی چاودێرکردنی ئەو دەزگایە بدۆزرێتەوە."
لە هەمان کاتدا دیپلۆماتکارانی ئاگادار دەڵێن کە لە هەفتەی داهاتوودا زلهێزەکانی ئەوروپا بەتەمان بڕیارنامەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ گوشار خستنە سەر تاران دەربکەن، ئەمەش بە هۆی هاوکاریی نەکردنیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
هاوکات بە سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بووەتە یەکێک لە ئەولەویەتەکانی حکوومەتی داهاتووی ئەمەریکا.
دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ تاران لە ساڵی 2018 و لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکییە ناوکییەکانی زیاد کردووە.
لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا 60% کە ئەمەش زۆر نزیکە لەو 90% کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستە. بە پێی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە درێژەدان بەم پرۆسەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەشی ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی دەبێت کە بتوانێت نزیکەی چوار بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
حکومەتی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی سەربازی نییە و بە ئامانجی ئاشتیانەدا دەگەڕێن.
به ڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزەی ئەتۆمی پێشتر له وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لێدوانەکانی مەسعود پزشکیانی سەبارەت بە ئامادەبوونی تاران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ریککەوتنی ناوکی بە ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشەکان ناودێر کردبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسە هەواڵییەکان، ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات لەگەڵ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران کار بکات.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا