وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەدوای ڕووداوی کوشتنی دوو خووشکەکەی سلێمانی هیچ کەسێکی تر تایبەت بە دۆسیەی ئەو کچانە خۆی نەکووشتووە، وتیشی، هەرچەندە دەوترێت دوو کچەکە لەلایەن براکەیانەوە کوژراون، بەڵام لەبەر ئەوەی کەس دەستگیرنەکراوە تا ئێستا ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوو خووشک لە گەرەکی بەکرەجۆی سلێمانی کوژراون کە لە دایک بووی ساڵەکانی 2005 و 2002ن، بەڵام لەبەرئەوەی سەرقاڵی ڵیکۆڵینەوەین و تا ئێستا کەسمان لەسەر رووداوە دەستگیرنەکردووە، ناتوانین بڵێین بکوژ براکەیانە."
وتیشی،" ئەوەی دەوترێت براکەیان خۆی کووشتووە وانییە و هیچ کەسێکی تری ئەو خێزانە خۆی نەکووشتووە، تا ئەم دەقەیەش جگە لەوەی دایک و باوکیمان بانگکردوون بۆ بنکەی پۆلیس بۆ لێكۆڵینەوە، کەسمان دەستگیرنەکردووە."
ئەمڕۆ 14ی مانگی 11 ڕووداوی کووشتنی دوو خوشک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە و باس لەوەکرا "ئەو دوو خووشکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە لەلایەن براکەیانەوە کوژوارن." بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەلایەن دەزگا فەرمیەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
تا ئێستا تەرمی دوو خووشکەکە لە پزیشکی دادن و بە پێی قسەی سەرچاوەیەک لە پزیشکی دادی سلێمانیەوە "کەس و کاری دوو خووشکەکە نەڕۆشتوون بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کچەکانیان."
بە قسەی سەرچاوەیەکی ئاسایش بۆ دەنگی ئەمەریکا کە نەیوەیست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت،" پشتڕاستی دەکەمەوە کە براکەیان خۆی نەکووشتووە و دەستگیریش نەکراوە، بەڵام زانیاریەکانمان دەڵێن برکەیان بەرپرسە لە کوشتی خوشکەکانی بۆیە تا ئێستا دیار نییە و خۆی شاردۆتەوە."