Accessibility links

گەورەترین مەرجانی دەریایی لە جیهاندا لە نزیک دوورگەکانی سولەیمان دەدۆزرێتەوە


زانایان ڕایانگەیاند گەورەترین مەرجانی دەریایی جیهانیان ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئەم مانگە لە نزیک دوورگەکانی سولەیمان لە زەریای هێمن دۆزیوەتەوە کە پڕیەتی لە ڕەنگ و ژیان.

ئەم مەرجانە لە لوتکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەکانی سولەیمان لە ناوچەیەک کە بە "سێ خوشک" ناسراوە، لەلایەن تیمێکی ناشناڵ جیۆگرافیکەوە دۆزراوەتەوە کە خەریکی ئەنجامدانی گەشتێکی زانستی بوون لەو ناوچەیە. دوورگەکانی سولەیمان وڵاتێکە کە لە 990 دوورگە پێکهاتووە و دەکەوێتە باشووری زەریای هێمن.

قەبارەی ئەم مەرجانە ئەوەندە گەورەیە کە ئەو توێژەرانەی کە لە ئاوە ڕوونەکانی دوورگەکانی سولەیماندا بە کەشتی دەڕۆیشتن، سەرەتا پێیان وابوو کە بەر کەشتییەکی نوقمبوو کەوتوون.

ئینریک سالا زانای ئیکۆلۆژی دەریایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ئەو کاتەی پێمان وایە هیچ شتێک نەماوە لەسەر زەوی بۆ دۆزینەوە، مەرجانێکی زەبەلاح دەبینین کە لە نزیکەی ملیارێک بەش بچووک پێکهاتووە کە پڕە لە ژیان و ڕەنگ".

توێژەران دەڵێن پێکهاتەی مەرجانەکە نزیکەی 300 ساڵە گەشە دەکات و لە تۆڕێکی ئاڵۆز لە پێکهاتە بچووکەکانی مەرجانی پێکهاتووە.

توێژەران دەشڵێن پانی مەرجانەکە 34 مەتر و درێژییەکەی 32 مەتر دەبێت و ڕایگەیاندووە، ئەم مەرجانە زەبەلاحە سێ هێندە گەورەترە لەو مەرجانەی دیکە کە دوایین جار تۆمار کراوە.

زانای مەرجانی ئێریک براون دەڵێت "لە کاتێکدا مەرجانەکان بەهۆی گەرمبوونی دەریاکانەوە خەریکن تێکدەچن، بینینی ئەم مەرجانە گەورەیە نیشانەی هیوایە".

دارستانە باراناوییە گەشاوە و ئاوە پاکەکانی دوورگەکانی سولەیمان ماوەیەکی زۆرە بەهۆی جۆراوجۆری زیندەوەرانەوە جێگەی سەرنج بوون.

ئەو تێبینیانەی کە لە دوورگەکانی سلێمان لە ساڵانی 1920دا بۆ گیانلەبەرەکان ئەنجامدرا، یارمەتیدەر بوون بۆ سەلماندنی بەشێکی گرنگی تیۆری پەرەسەندنی چارڵز داروین.

سەرچاوە/فرانس 24

XS
SM
MD
LG