سەنتەری ڕۆشنبیری و لێکۆڵینەوە، سپێکترۆم هاوس، لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتی لەسەر دەنگدەرانی کورد و دامەزراندنی بازنەی هەڵبژاردن لە 12 پارێزگای ناوچە کوردەکان و تورکیا ئەنجامدا.
ئەم توێژینەوەیە لەسەر هەزار و725 کەس ئەنجامدراوە کە خۆیان بە کورد دەناسێنن. 79.1%ی بەشداربووان باس لەوە دەکەن کە دانانی قەیوم (نوێنەری دەستنیشان کراوەی دەوڵەت لە بری نوێنەری هەڵبژێردراو) چارەسەرکردنی کێشەی کورد قورس دەکەن. لە کۆی ئەوانی تریشدا لە سەدا 13.7 ڕایانگەیاندووە هیچ بۆچوونێکیان لەو بارەیەوە نییە و لە سەدا 7.2ش لە وەڵامەکانیاندا گوتویانە دانانی قەیوم ئاسانکاری بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی سپێکترۆم هاوس، ئازاد باریش، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامیانداوە، ئەگەر حکومەت بیەوێت ژینگەیەکی ئارام لەگەڵ کورد دروستبکات، پێویستە دەستبەجێ سیاسەتی دانانی قەیوم ڕابگرێت و دووربکەوێتەوە لە ئازاردانی هەستی کورد.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا قەیوم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، باتمان، ڕوحا و ناوچەیەکی ئەستەنبوڵ دانرا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، 61.5%ی بەشداربووان پێیان وایە ئامانجی سەرەکی سەپاندنی قەیوم "قبووڵنەکردنی ئیرادەی گەلی کوردە". هاوکات لە 5.7%ی ئەو کەسانەی باوەڕیان وایە بەهۆی "گەندەڵی و ئاسایش و شەڕی تیرۆرەوەیە".
لەم لێکۆڵینەوەیەدا بۆچوونی بەشداربووان لەسەر چالاکییەکانی پارتی دەم ( یەکسانی ودیموکراسی گەلان) وەرگیرا، کە بەهۆی دانانی قەیوم لە چەندین شار و شارۆچکەدا چالاکیان ئەنجام داوە.
لەئەنجامدا لە سەدا 34.4%ی بەشداربووان هەڵوێستی پارتی دەم بە باش دەزانن و 28.8% هەڵوێستەکەیان بە باش نازانن.
ئیسمەت کایا چالاکوان لە ئانکەرە کە دژی سەپاندنی قەیومە دەڵێت "قەیوم هیوا بۆ ئاشتی لەناودەبات."
کایا بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ئێمە بە ناکۆکییەکی گەورەدا تێدەپەڕین، لەلایەک حکومەت دەڵێت ئاشتی بەدەست دەهێنین، لەلایەکی دیکەشەوە بە دانانی قەیوم هیوای ئاشتی لەناو دەبات. ئێمە نازانین کام لەمانە ناخی دەوڵەتە. پێدەچێت لە ناو خودی حکومەتیشدا دوودڵی هەبێت."
عوسمان ئاکچا چالاکوانێکی تری دژ بە قەیوم لە ئانکەرە پیی وایە دانانی قەیوم نەک تەنها دیموکراسی تێکدەدات بەڵکو نایاساییشە.
ئاکچا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "من بەتوندی دژی دانانی قەیومم. قۆرغکردنی ئیرادەی گەلە، یاسایی نییە، دادپەروەرانە نییە، مرۆڤدۆستانە نییە، شتێک نییە بە هەموو شێوەیەک قبوڵ بکرێت، قۆرغکردنێکی فەرمییە. بە کورتی پێشێلکردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤە."
هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، حوسێن کوچوکبالابان، لەمبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو بڕیارە زیانێکی زۆر بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەگەیەنێت و ئیرادەی کورد سەرکوت دەکات."
ناوبراو گوتیشی "ئەمە ئەوە دەردەخات کە دەوڵەت دڵسۆز نییە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەت ئەجێندای چارەسەری بۆ کێشەی کورد نییە. دەمانەوێت بڵێین ئەم پرۆسەیە دروست نییە. ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە دەوڵەت دەستبەجێ لەم ڕێبازە بکشێتەوە و بێتە سەر ڕێگاکانی دیموکراسی و ئاشتی."
شایانی باسە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سپێکترۆم هاوسدا، پەسەندکردنی دەنگدەران بۆ پارتە سیاسییەکانیش خرایە ژێر پرسیارەوە. لەسەدا 40.4ی لە بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە دەنگیان بە پارتی دەم و لەسەدا 22.3 بە ئاکەپە و لەسەدا 10ی جەهەپە داوە، و لەسەدا 22.3شیان ڕایانگەیاندووە کە نەچوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە لە مانگی دە لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، داوا لە سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن بێتە کۆبوونەوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) و داوای کۆتاییهێنان بە تیرۆر و ڕێکستنەکانی بکات.
وتارەکەی باخچەلی لە کارنامەی تورکیادا دەنگی دایەوە، کە شارەزایانی سیاسی پێیان وابوو سەردەمێکی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێدەکات.
پاش ئەو وتارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاکپارتی لە 30 ی مانگی دە لە ئەنکەرە ڕایگەیاند، " ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، مەبەستمانە [کێشە لەگەڵ کورد] بە تەواوەتی لە ئەجێندای نیشتیمانی بسڕینەوە و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە خزمەتی گەل بووە."