Accessibility links

چیرۆکی یەکگرتنەوەی دوو برای ئێزیدی دوای چەندین ساڵ دابڕانیان بەهۆی دیل بوونیان لەلایەن داعشەوە


لە هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال هەزاران کەس کوژران و هەزارانی دیکەش لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە دەستگیرکران. ئایدن حەدید تەلال و براکەی دوو لەو کەسانە بوون کە لە ساڵی 2014 لەکاتی هێرشی دڕندانەی داعش بۆسەر ئێزیدییەکان لەلایەن ئەو گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەوە دەستگیرکران.

ئەو دووبرا ساڵانێک دوای دەستگیربوونیان لەلان داعشەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر پچڕا و ئایدین بیری لە خراپترین شتەکان دەکردەوە.
ئایدین ساڵی ڕابردوو دەستیکرد بە وەرگرتنی نامەی فەیسبووک لە ئەکاونتێکەوە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد برا ونبووەکەی ڕۆژین حەدید تەلالە و هەرواش بوو.

ڕۆژین دەڵێت وتم من رۆژینم و ئادیدن تووشی شۆک بوو. وەڵامی دامەوە و دوای چاک و چۆنی و پێدانی زانیاری بۆ ئەوەی باوەڕ بکات کە خۆمم، تەلەفوونم بۆ کرد و وەڵامی دامەوە.
رۆژین بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە "ئەندامانی داعش ئێمەیان بردە سوریا، بۆ ڕەقە، لەوێ هەر کەسێک دەهات و خێزانێکی لەگەڵ خۆی دەبرد. کەسێکیش هات و ئێمەی بردە ماڵی خۆی. نزیکەی یەک دوو هەفتە لەگەڵیان ماینەوە. پاشان ئەو کەسە ئێمەی فرۆشت بە کەسێکی تر.

دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە دوایین شوێنی خۆی لە سوریا دەرکرا، ڕۆژین ڕەوانەی کەمپی دەستبەسەرکردنی هۆڵ کرا. بەڵام کەسێک دەدۆزێتەوە و بە قاچاخ لەو کەمپە دەیباتە دەرەوە و ساڵانێک لە سوریا دەژیت و ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ ئەوەی پارەیەک پاشەکەوت بکات بۆ گەڕان بەدوای خێزانەکەیدا.
ئەو دەڵیت "مۆبایلێکم کڕی و دەستم کرد بە گەڕان لە سۆشیال میدیا. لە فەیسبووکدا بەدوای ناوی براکەمدا دەگەڕام. چەندین کاتژمێرم لە گەڕان و گەڕان بەسەر برد تا ناوی براکەمم دۆزیەوە کە ئایدن حەدید بوو. داواکاریی هاوڕێیەتیم بۆ نارد و دەستم کرد بە پەیوەندی لەگەڵیدا."

لە کۆتاییدا هەردوو برا پەیوەندییان پێوەکردەوە و هەردوو بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێ دەکەن بۆ یەکتر گرتنەوە، هەرچەندە دەیانزانی کە ئەمە ئاسان نابێت.

بەو پێیەی ڕۆژین هیچ ناسنامە و بەڵگەنامەیەکی سەفەری نەبووە، دەبوو بە قاچاخ بڕواتە دەرەوە.
ئەو دەڵێت "پەیوەندیم بە ماممەوە کرد بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی دەربچم. مامی من وتی "باشە، نیگەران مەبە، هەوڵ دەدەم ڕێگەیەکت بۆ ڕێکبخەم. " پێم گوت "باشە، چاوەڕێ دەکەم و دوای نزیکەی دوو سێ ڕۆژ مامم وتی کەسێک پەیوەندیت پێوە دەکات بۆ ئەوەی دەرت بکات."

لە سەردەمی لوتکەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیدا – لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016، سەدان کەس وەک رۆژین ڕزگارکران، ئەمەش بەهۆی چالاکوانان و قاچاخچییە ئێزیدییەکانەوە.

بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ئەوەی کە داعش زۆربەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی لەدەستدەدا، ژمارەی ئەو کەسانەش کە ڕزگار دەکران لەدەست داعش، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزین، چوونکە ئەندامانی داعش لە شوێنە نەهێنییەکاندا، دیلەکانیان دەشاردەوە.

دوای دە ساڵ، زۆرێک لە خێزانەکان هێشتا بێهیوان لە دۆزینەوەی کەسوکارە ونبووەکانیان.

ڕزگاربووان دەڵێن زۆرێک لە دیلە ئێزیدییەکان کە لە منداڵییەوە بەدیل گیراون، تەنانەت بیریان ناکەویتەوە خەڵکی کوێن.

هەندێکی تریشیان دەترسن لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە ڕەتبکرێنەوە یان جیابکرێنەوە لە منداڵەکانیان کە لە ئەندامانی داعش بوویانە.

بۆ ئەو ئێزیدیانەی کە دەتوانن بگەڕێنەوە، کێشەکان کۆتایی نەهاتوون و لە کاتێکدا هەندێکیان سوود لە یارمەتییە دراییەکانی حکومەت وەردەگرن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، هەندێکی تر دەڵێن ئەوە بەس نییە و بەشێکی زۆری قەزاکەیان وێران بووە و ئاسایشی ناجێگیرە و بژاردەی دامەزراندنیش زۆر کەمە.

ئەو دوو برا ئاماژە بەوە دەکەن لە ئێستادا، قۆناغێکی ئارام دەژین و بیر لەوە دەکەنەوە لە داهاتوودا خوێندیان تەواو بکن و کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە یان بچنه دەرەوەی وڵات بۆ کارکردن و خوێندن.
بۆ ئایدین و ڕۆژین، پەیوەندیکردنەوە بە ڕەگ و ڕیشەی ئێزیدی خۆیانەوە هەنگاوی یەکەم بووە، بەڵام بۆ چاککردنەوەی ئەو برینانەی دەوڵەتی ئیسلامی ڕووبەڕووی کردوونەتەوە، ڕێگایەکی دوور و درێژیان لە پێشە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG