Accessibility links

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە بەیروت بەردەوامە


هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە 16ی ئەم مانگە، بە دووجار هێرشی قورسی کردە سەر پێگەکانی حزبوڵا لە زاحیەی بەیروت کە گەڕی یەکەمی هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە زاحیە بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئەنجامدرا و گەڕی دووەمیشی پاشنیوەڕۆ ئەنجامدرا کە تێیدا ئامانجەکانی وەک کۆگای چەک و ناوەندێکی فەرماندەیی و ژێرخانی تیرۆریستی حزبوڵا وێران کران.

زاحیە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی حیزبوڵایە لە بەیروت و دەوترێت ئەم گرووپەی سەر بە ئێرانە، ژێرخان و دامەزراوەکانی خۆی لە ناوچە مەدەنییەکانی ئەو ناوچەیە جێگیر کردووە.

ئاڤیخای ئەدریی، وتەبێژی عەرەبی زمانی سوپای ئیسرائیل پێش هێرشەکانی ڕۆژی شەممە بە دانیشتوانی ناوچەکانی تەنیشت دامەزراوەکانی حزبوڵای لوبنانی ڕاگەیاندووە لانیکەم 500 مەتر لەو دامەزراوانە دوور بکەونەوە.

لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا، سەربازانی پیادەی سوپای ئیسرائیل بە هاوکاری هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە، ژمارەیەک کۆگای چەک و تونێل و ژێرخانی حزبوڵایان لە باشووری لوبنان تێکشکاندووە.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کۆگایەکی سەربازیی حزبوڵای لوبنان کە موشەکهاوێژی تێدابووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ هێرشی موشەکی بۆ سەر شارەکانی باکووری ئیسرائیل بەکارهێنراوە.

هاوکات ڕۆژی شەممە حزبوڵا بەردەوام بوو لە هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شارەکانی باکوری ئیسرائیل و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو ناوچانە لێبدرێت.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری نەهاریە کەوتووە و زیانێکی کەمی لێکەوتووەتەوە.

هێرشەکانی حیزبوڵای لوبنان بۆ سەر شارەکان و ناوچەکانی باکوری ئیسرائیل ڕۆژی شەممە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.

ڕۆژێک پاش هێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حزبوڵای لوبنان بە شێوەیەکی تاکلایەنە هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل دەستپێکرد.

ئیسرائیلیش لە کاردانەوەی بەوە، هێرشی توندی کردە سەر پێگەکانی ئەو تاقمە لە لوبنان و سوریا و جگە لە کوشتنی سەدان ئەندامی ئەو گرووپەی سەر بە ئێران، سەرکردەکەی و فەرماندە باڵا سەربازییەکانی، لەوانە حەسەن نەسروڵڵایشی کوشتووە.

XS
SM
MD
LG