وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی شەممە 16ی ئەم مانگە، دوو بۆمبی ڕووناکی فڕێدراونەتە سەر ماڵی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە و بۆمبەکان کەوتوونەتە حەوشەی ماڵەکەیەوە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل بە توندی سەرکۆنەی هەڵدانی بۆمبی سووکی کرد بۆ سەر ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە و بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ناتانیاهۆ، ئەم ڕووداوەی بە "بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەکان" ناودێر کرد.
ئیسرائیل کاتز لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی " جێگای قەبووڵکردن نییە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن حکومەتی ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێدەکرێت، هەروەها لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆییەوە هەڕەشەی لێدەکرێت."
جەختیشی لەوە کردەوە "پێویستە شینبێت و پۆلیس و سەرجەم دامەزراوەکانی جێبەجێکردنی یاسا و دادوەری دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە".
هەروەها بێنی گانتز، نەیاری نەتانیاهۆ داوی کردووە کە بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەم کارەدا بکەن.
بێنی گانتز لە تۆڕی ئێکس نووسیوێتی "تەقاندنی بۆمبی سووک بۆ سەر ماڵی سەرۆک وەزیران بابەتێکی جدییە و بە توندی سەرکۆنەی دەکەم." دەشڵیت "بەدڵنیایە کە شین بیت و پۆلیس ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەدۆزنەوە و دەیانخەنە بەردەم دادگا."
بە وتەی بەرپرسانی پۆلیس، نەتانیاهۆ و خێزانەکەی لە کاتی ڕووداوەکەدا لە ماڵەوە نەبوون و هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە. کەمتر لە مانگێک لەمەوبەریش فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە هەڵدرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە شاری قەیسەرەیە.