هەژمارنەكردنی هەڵەبجە وەک بازنەكی سەربەخۆ لە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوانی عێراق، نیگەرانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی لێكەوتووەتەوە و لەوبارەیەشەوە نامەیەكی ناڕەزاییان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ و پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.
لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق و سەرەڕای نیگەرانیەكانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، ئایندەی هەڵەبجە لە نێوان 19هەمین پارێزگای عێراق و قەزایەكی پەیوەندیدار بە پارێزگای سلێمانی بە نادیاری ماوەتەوە و هەتا ئێستاش وەڵامی نیگەرانیەكانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە نەدراوەتەوە.
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "یاداشتێكی ناڕەزایەتیمان داوە بە هەریەک لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوسینگەی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لە عێراق، لە بەرامبەر ئەو مامەڵەیە كە هەڵەبجە وەک قەزا ئەژمار كراوە و مایەی نیگەرانیمامە. "
گوتیشی،" بە فەرمانی حكومەتی فیدڕاڵ لە ژمارەی ئۆتۆمبێل هەڵەبجە وەك پارێزگایەكی عێراق هەژماركراوە و كۆدی بەشە خۆراک و ڕەگەزنامە و فەرمانەگە فیدڕاڵییەكان لە هەڵەبجە هەن و لە دوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دراوە و خوێنەوەی سێیەم و كۆتایی ماوە، داواكارین ئێستا وەك بازنەیەكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان لە هەڵەبجە بكرێت هەتا لە خوێنەوەی سێیەم بتوانرێت سود لەو سەرژمێریە وەربگیرێت،"
حكومەتی عێراق بڕی 459 مليار دیاری بۆ پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان دابینكردووە و لە ڕێگەی 125 هەزار كارمەندەوە پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت.
ناڕەزاییەكانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لەكاتێكدایە، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەڵێن، لە مانگی 6ی ساڵی 2024 وەزارەتی پلاندانی عێراق، ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەی لەو هەنگاوە ئاگاداركردوەتەوە بەڵام ئەوان درەنگ ئێمەیان ئاگادار كردووە.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "هەژمارنەكردنی پارێزگای هەڵەبجە وەك بازنەیەكی سەربەخۆ كاریگەری نەرێنی لەسەر ئایندەی بودجەی پارێزگاكە و كورسی پەرلەمانی و چەند بوارێكی دیكە دەبێت، هەرچەندە كات نەماوە بەڵام لە هەوڵداین بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی،" هەڵەبجە هەنگاوی باشی بڕیووە بۆ بوون بە 19 مین پارێزگای عێراق و كردنەوەی فەرمانگە فیدڕاڵیەكان، بەڵام ئەم هەنگاوە نوێیە و ئێمە ئاگاداری نەبووین، دەبوو ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە زووتر ئێمەیان ئاگادار كردبایە."
دەنگی ئەمەریكا پەیوەندی كرد بە ووتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی زانینی ڕای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر گرفتەكە، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەی دەنگی ئەمەریكایان نەدایەوە .
سەرەڕای نازەزایەتیەكانی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام تا ئێستا بە ووتەی بەڕێوبەرایەتی ئاماری هەڵەبجە، نەتوانراوە هەڵەبجە بە بازنەیەكی سەربەخۆ یان پارێزگا تۆماربكرێت .
غەفار عومەربەڕێوبەری ئاماری هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" لەم پرۆسەی سەرژمێریەدا، هەڵەبجە وەك قەزا ناوی هاتووە، ژمارەی دانیشتوانی 138 هەزار كەسە و 430 كارمەند بۆ جێ بەجێ كردنی پرۆسەكە دیاری كراون".
بەڕێوبەری ئاماری هەڵەبجە وتیشی،" لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ئاماری سلێمانی و ئیدارەی هەڵەبجە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەی لە پرۆسەی سەرژمێری لە هەڵەبجە هەیە."
دەنگی ئەمەریكا زانیویەتی، هەتا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە، وەڵامی نوسراوەكانی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نەدراوەتەوە.
کۆتا سەرژمێری لە عێراق لەساڵی 1997 كراوه، له دواین سەرژمێریشدا، 125 ههزار ژمێركار بهشداری دهكهن و داتا و زانیارییەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو تۆمار دەکرێن.
پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق دەستیپێكردووە و بە دوو قۆناغ بەڕێوە دەچێت، قۆناغی یەكەم لە 15ی مانگی 11ی 2024 بۆ 19ی مانگی 11ی 2024 دەخایەنێت و سەرجەم تیمەكان سەردانی ماڵان دەكەن. قۆناغی دووەم لە 20 و 21 ی مانگی 11ی 2024 ، دەستپێدەکات، قەدەغەی هاتوچۆی گشتی دەبێت هەتا سەعات 12:00شەوی 21لەسەر 22 مانگی 11ی 2024.