قوتابخانەکانی بەیروت ڕۆژی دووشەممە داخران، دوای ئەوەی شەش کەس، لەنێویاندا بەرپرسی پەیوەندییە میدیاییەکانی حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەشی ناوەڕاستی شارەکەدا ڕۆژێک پێشتر کوژران.
هێرشەکان وایکرد وەزارەتی پەروەردە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ قوتابخانە و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵاش لە ناوچەی بەیروت دابخات.
حزبوڵا و لەشکری ئیسرائیلیش ڕایانگەیاندووە، محەمەد عەفیف وتەبێژی حزبوڵا لە نێو ئەو چوار کەسەدا بووە کە لە ناوچەی ڕاس ئەلنەبا کوژراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئیسرائیل بە دەگمەن هێرشی کردووەتە سەر کارمەندە باڵاکانی حزبوڵای لوبنان کە ڕۆڵی سەربازی ڕوونیان نییە، هێرشە ئاسمانییەکانیش زیاتر ناوچەکانی باشووری بەیروتیان کردووەتە ئامانج کە زۆرترین ئامادەبوونی گرووپەکە لەو ناوچەیەیە.
هێزی بەرگری ئیسرائیل بەیاننامەیەکی سەبارەت بەو "هێرشە ورد و هەواڵگرییە" بڵاوکردەوە کە بووە هۆی کوژرانی عەفیف.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە سەرەتای جەنگەوە، عەفیف کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حزبوڵا هەبووە. ئەو لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە پێشخستنی و جێبەجێکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکانی حزبوڵا دژی ئیسرائیل."
هەروەها دەشڵێت "جگە لەوەش، عەفیف هێرشبەرەکانی حزبوڵای ئاراستە کردووە کە گرتە ڤیدیۆییەکان لە مەیدانەکە کۆبکەنەوە، بۆ ئەوەی بۆ پڕوپاگەندەکانی حزبوڵا و تیرۆری سایکۆلۆژی بەکاریان بهێنێت."
هێرشی دووهەم لە ناوەڕاستی بەیروت لە مار ئەلیاس ڕوویدا و تیایدا دوو کەس کوژران و 22 کەسیش بریندار بوون.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە 11 کەسی دیکە لە باشووری لوبنان کوژراون.
کوژراوەکان لە غەززە
بەرپرسانی فەلەستین ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل لە کەمپێکی ئاوارەکانی غەززە لە خان یونس دوو منداڵ و دایک و باوکیان کوژران.
بەرپرسانی بەرگری شارستانی دەڵێن، منداڵە کوژراوەکان تەمەنیان 7 و 9 ساڵ بووە و منداڵێکی تەمەن 10 ساڵیش بریندار بووە.
ڕۆژی یەکشەممەش، دەزگای بەرگری شارستانی غەززە ڕایگەیاند کە 34 کەس کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە و دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوون دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی پێنج نهۆمی لە بەیت لاحیا.
مەحمود بەسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "ئەگەری ڕزگارکردنی بریندارانی زیاتر کەمدەبێتەوە بەهۆی بەردەوامی تەقەکردن و تۆپبارانکردن".
شەڕی غەززە لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس لە 7ی دەی ساڵی 2023 بۆ سەر باشوری ئیسرائیل دەستیپێکرد کە لەو هێرشەدا چەکدارانی حەماس نزیکەی 1200 کەسیان کوشت و 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. تا ئێستاش حەماس نزیکەی 100 بارمتەی بەدەستەوەیە و پێدەچێت یەک لەسەر سێیان زیندوو نەمابن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسرائیلدا نزیکەی 44هەزار فەلەستینی کوژراون و ژنان و منداڵان زیاتر لە نیوەی کۆی گشتی کوژراوەکانن.
دوای چەند مانگێک لە شەڕی موشەک و هێرشی ئاسمانی نێوان حزبوڵا و لەشکری ئیسرائیل، شەڕەکە لە ناوەڕاستی مانگی نۆوە تەشەنەی سەند بۆ ناو لوبنان.
زیاتر لە سێ هەزار و 200 هاووڵاتی لوبنانی کوژراون، کە زۆربەیان لە شەش هەفتەی ڕابردوودا کوژراون.
هەردوو حیزبوڵا و حەماس لە لایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کراون.
زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس، ڕۆیتەرز و فرانس پرێسس وەرگیراوە.