ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای بڕیاری دادگای ئیداری گەر ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنیان کردووە بەردەوام بن لە بایکۆتکردن، ڕەنگە داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بکرێت کاندیدی دەرنەچووی هەمان ئەو لیستانە لە جێگەکانیان دابنرێن.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنیان کردووە بیانوویان ئەوەیە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای ئیدارین، بەڵام دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا دەبێت بگەرێنەوەو بەشداری کۆبوونەوەکان بکەن."
هەریەک لە هاوپەیمانی عەرەبی، پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی کە خاوەنی 7 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن لە کۆی 16 کورسی، ناڕازین لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگایان بایکۆتکردووە.
شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنەکەن، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
دوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، هەریەک لە بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایان تۆمار کردو دانیشتنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان لە ئوتێل رەشیدی بەغدا بە نایاسایی ناوبرد، بەڵام دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی لە پسپۆڕی ئەودا نییە، بۆیە دواتر لە دادگای ئیداری سکاڵایەکی تریان تۆمارکرد.
حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ڕایگەیاند،"بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناکەین، تا ئەوکاتەی دادگای ئیداری بڕیار دەدات."
بڕیارە لە ڕۆژی 24 ی مانگی 11 ی 2024، دادگای ئیداری بڕیار لە بارەی سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی بدات و ئەو لایەنانە دواتر دوا هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی و پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی ئوتێل رەشیدی بەغدا دەکەن کە بووە هۆی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بۆیە چاوەڕوانی بڕیاری دادگان."
ئەو وتیشی،"ڕەنگە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا ڕێککەوتن لە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و لایەنە بایکۆتکارەکان دروست ببێت."
بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پۆستی پارێزگار بۆ رێبوار تەها لە یەکێتی نیشتمانی، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بۆ محەمەد ئیبراهیم حافزو پۆستی جێگری پارێزگار بۆ ئیبراهیم تەمیمی لە عەرەبی سونە، هەروەها پۆستەکانی جێگری دووەمی پارێزگارو جێگری سەرۆکی ئەنجومەن بۆ تورکمان جێهێڵراون.
پەروین فاتیح دەڵێت،"لەکۆی 8 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەندامانی ئەنجومەن لە کوتلەکانی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی و پارتی بەشداری 7 کۆبوونەوەیان نەکردووە، بۆیە سەرۆکی ئەنجومەن ئینزاری بۆ دەرکردوون، بەڵام ئەوان بیانوویان هەیەو دەڵێن چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین."
ئەو وتیشی،"ئێمە پێمانخۆشە ئەو ئەندامانە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، چونکە خوازیاری دروستبوونی گرفت نین."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی 5 کورسی، عەرەبی سونە بە سێ لیستەوە 6 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی، پارتی 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە بەدەستهێناوە.