ئەمەریکا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە باڵیۆزخانەی خۆی لە کیێڤ داخست بەهۆی ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوانی ڕووسیا، ڕۆژێک دوای هێرشێکی گەورەی ئۆکرانیا بۆ سەر کۆگایەکی چەک لە ناوخۆی ڕووسیا.
باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا و یۆنان هەروەها ڕایانگەیاند، دوای ئەو هۆشدارییە نائاساییەی ئەمەریکا دەرگای باڵیۆزخانەکانیان داخستووە، هاوکات باڵیۆزخانەی فەرەنسا بە کراوەیی ماوەتەوە بەڵام هۆشداری داوە بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی.
بەرپرسانی ناوچەکەش هۆشدارییان داوە بە ئۆکرانیاییەکان بەهۆی مەترسی هێرشە مووشەکییەکانەوە بچنە ناو پەناگەکان و ئەو هۆشدارییە پشتگوێ نەخەن.
ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە مووشەکی ATACMSی ئەمەریکایی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر کۆگایەکی چەک لە ناوخۆی ڕووسیا لە هەزارهەمین ڕۆژی جەنگەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن مۆڵەتیدا بە ئۆکرانیا تاوەکو چەکەکانی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا بەکاربهێنێت.
ماوەی چەند هەفتەیەکە ڕووسیا ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕێگە بە ئۆکرانیا بدەن بە مووشەکی ڕۆژئاوا هێرش بکاتە قووڵایی خاکی ڕووسیا ئەوا مۆسکۆ بە پەرەسەندنێکی گەورەی دەزانێت.
سێرگی ناریشکین، بەرپرسی هەواڵگری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند، مۆسکۆ تۆڵەی لەو وڵاتانەی ناتۆ دەکاتەوە کە ئاسانکاری بۆ هێرشە مووشەکییە دوور مەوداکانی ئۆکرانیا دەکەن بۆ سەر خاکی ڕووسیا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز