Accessibility links

ئەمیرێکی کوردی داعش لە کەرکوک دەستگیر دەکرێت


وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لەسەر بنەمای زانیاری ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە، ئەمیرێکی کوردی ڕێکخراوی داعش و شەش کەسی تر لەکەرکوک دەستگیرکراون.

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەستگیرکراوەکان بە نهێنی کاریانکردووە و دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری دۆزراونەتەوەو دەستگیرکراون."

بەپێی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمیری هەرێمی کوردستانی داعش کە لە کەرکوک لەگەڵ شەش کەسی تردا دەستگیرکراوە، ناوی ئازاد شاخییە و لەکاتی دەستگیرکردنیان دا یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت،"تۆڕە دەستگیرکراوەکەی داعش لە کەرکوک پلانی بە ئامانج گرتنی کەسایەتییە ئەمنی و دام و دەزگا حکومییەکانیان هەبووە، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا نوسراوی نهێنی و بڵاوکراوەی داعشیان پێبووە."

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو تۆڕەی داعش کە دەستگیرکراون پەیوەندییان هەبووە بەو داعشانەی لە ناوچەی قەرەداغ و ناوچەکانی تری هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا کاری تیرۆرستییان ئەنجامداوە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، جگە لەو تۆڕە حەوت کەسییەی سەربە داعش، ژمارەیەکی زۆرتر ئەندامی شانە نوستووەکانی داعش ئاشکراکراون و دەستگیرکراون.

سەرچاوەکە وتیشی،"شەوی ڕابردوو لە سنوری ناحیەی رەشادی خۆراوای کەرکوک مەفرەزەیەک چەکداری تری داعش لەلایەن فڕۆکەوە کراونەتە ئامانج و سەرجەمیان کوژراون."

بە پێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی کەرکوک، ئازاد شاخی خەلکی ناوچەی لەتیف ئاوای شۆرجەی کەرکوکە و پێشترێش ناوی لەلای دەزگا ئەمنییەکان هەبووە وەکوو ئەندامێکی کارای رێکخراوی داعش.

XS
SM
MD
LG