Accessibility links

پەرلەمانتارێکی عێراق: وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە سێ گوژمە پارە بۆ موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ ڕەوانەی هەرێم بکات


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیری دارایی عێراق لەسەر داوای سەرۆکی دادگای فیدراڵی نەرمی نواندووە بۆ ناردنی سێ گوژمە پارە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ی ساڵی 2024.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر وەزیری دارایی عێراق پێداگیربوو لەسەر ئەوەی بۆ موچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ی ئەمساڵ تەنها 760 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام لەسەر داوای سەرۆکی دادگای فیدراڵی بەڵێنی داوە بۆ هەر مانگێک 760 ملیار ڕەوانەی هەرێم بکات."

دوێنێ دووشەممە، 25 ی مانگی 11 ی 2024، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردییەکان سەردانی سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراقیان کردو داوای چارەسەرکردنی کێشەی موچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ی ئەمساڵیان لێکرد.

سۆران عومەر، کە ئەندامی وەفدی فراکسیۆنە کوردییەکان بوو دەڵێت،"سەرۆکی دادگای فیدراڵی هاوسۆزبوو لەگەڵ موچەخۆرانی هەرێم دا، بۆیە چووە سەر هێڵ و تاڕادەیەک لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە نەرمی نوێنرا."

لەکاتێکدا لە کۆتایی مانگی 11 نزیک دەبینەوە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی 10 بەسەر موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا دابەش نەکراوە. حکومەتی هەرێم هۆکاری نەناردنی موچە بۆ "لەمپەر"دروستکردن و عێراقیش هۆکارەکەی بۆ تەواوبوونی پشکە بودجەی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2024 دەگێڕێتەوە.

بەپێی ماددەی 11 ی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق، پشکە بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت لە کۆی خەرجییە فیعلییەکانی عێراق کە ڕێژەی 12.67% دیاریکراوە. بیانووی بەرپرسانی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێم ئەوەیە گوایە پشکی هەرێم بۆ مانگەکانی 10 و 11 و 12 ی ئەمساڵ، تەنها 760 ملیاری ماوەتەوەو لە مانگەکانی ڕابردوودا هەرێم پشکی خۆی بردووە.

هەرچەندە هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە، بەڵام پەرلەمانتارانی عێراق دەڵێن گوایە هەرێم داوایکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە "موناقەلە"بکرێت لە بودجەی وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەی بەگەڕخستن، لەکاتێکدا ئەمە پێچەوانەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراقی ساڵی 2019ەیە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاگاداری وردەکاری کێشەی نێوان هەرێم و بەغدایە لەسەر مەسەلەی دارایی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەبێت موچە ڕەوانەی هەرێم بکرێت و بەدەربکرێت لە ئینفاقی فیعلی، ئەمە جگە لەوەی ڕێککەوتنی ئەنجومەنی ئابووریمان هەیەو تا ئێستا لەسەر داوای عێراق 90%ی کێشە تەکنیکییەکانمان چارەسەرکردووە."

سەرچاوە بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، دەڵێت،"دەبووایە عێراق لە ساڵی 2024 دا، 11ترلیۆن و 500 ملیار دیناری بۆ هەرێم ڕەوانە بکردایە، بەڵام تا ئێستا کەمتر لە 9 تریلیۆن دیناری ڕەوانە کردووە، بەم پێیە دوو تریلیۆن و 500 ملیارمان وەکو هەرێم لە خەزێنەی عێراق دا ماوە."

جەختیشیکردەوە،"پێشبینیمان دەکرد بۆ موچەی مانگەکانی 10 و 11 گرفتمان نەبێت و عێراق بودجە ڕەوانە بکات، بەڵام لە مانگی 12 بڕی 500 ملیار کورتهێنانمان هەبێت و ئامادەکاریمان بۆی کردبوو."

لە حاڵەتێکدا گەر عێراق بۆ هەر مانگێکی مانگەکانی 10 و 11 و 12 بڕی 760 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری گرفتی کورتهێنان دەبێتەوە، بەو پێیەی مانگانە پێویستی بەسەرووی 960 ملیار دینار هەیە بۆ دابەشکردنی موچەی موچەخۆران.

یەکێکی تر لەو تۆمەتانەی ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێت ڕادەست نەکردنی داهاتی ناوخۆیە بە حکومەتی عێراق، ئەمەش بە یەکێک لەو گرفتانە ناودەبرێت کە بووەتە لەمپەر لەبەردەم ناردنی پشکە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە.

بەرپرسانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ئاماژەبەوەدەکەن، مانگانە ئەو داهاتەیان ڕەوانەی عێراق کردووە کە پەیوەندی بە گەنجینەی فیدراڵییەوە هەیە، گوایە لە ڕۆژی 20 ی مانگی 9 ی 2024، بڕی 77 ملیار دیناریان ڕادەستی عێراق کردووە.

بەڵام سۆران عومەر وتی،"حکومەتی هەرێم بۆ مانگەکانی 4 و 5 و 6 ی ئەمساڵ، بڕی 395 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی داوەتە عێراق، لەکاتێکدا عێراق داوای داهاتی مانگەکانی 7 و 8 و 9 دەکات و تا ئێستا ڕەوانە نەکراوە."

کێشەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تێکەڵەیەک لە کێشەی سیاسی و یاسایی و تەکنیکی دادەنرێت، بۆیە پسپۆڕانی بواری یاسایی و ئابووری پێیانوایە کێشەکان پێویستیان بەچارەسەرکردنی ڕیشەیی هەیە بۆ ئەوەی مانگانە دووبارە نەبنەوە.

جیهانگیر گوڵپی، مامۆستای زانکۆو شارەزایی بواری دارایی و ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یاسای بودجەو یاسای کارگێڕی و دارایی بەشێوەیەک دەرچێنراون گەر حکومەتی هەرێم پابەندیش بێت قەرزدار دەکرێت، چونکە قەبارەی نەفەقاتی سیادی لە بودجەدا زۆرە."

هەروەها وتی،"نیەتی سیاسی ئامادەگی نییە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان و یاسا دەرچێنراوەکانیش هاوکار نین، دامەزراوەیەکی واشمان نییە بتوانێت لەوبارەیەوە گونجاوییەک دروست بکات. بۆیە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان نەک بە چەند مانگێک، بەڵکو زەحمەتە بەچەند ساڵێکیش چارەسەر بکرێن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:50 0:00

XS
SM
MD
LG