سەربازێکی پێشووی سوپای بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە 28ی مانگی یازدە بە هۆی کۆکردنەوەی زانیاری هەستیار بۆ کەسانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران و کۆکردنەوەی ناوی ئەندامانی هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی، لەلایەن دادگای وڵاتەکەوە بە تاوانبار دەرچوو.
دانیال عابد خەلیفە تۆمەتبارە بە کۆکردنەوەی زانیاری هەستیار لە نێوان مانگی پێنجی ساڵی 2019 تا مانگی یەکی ساڵی 2022.
مارک هیوود، داواکاری گشتی دادگای وولویچ کراون لە لەندەن، لە سەرەتای دادگاییکردنەکەدا لە دادگاکەدا ئەمەی بۆ دەستەی سوێندخواردن ڕاگەیاندووە.
دانیال عابید خەلیفە کە لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی پەیوەندیەکەی لەگەڵ سوپای پاسداران ئاشکرا بوو، لە سوپای بەریتانیا دوورخرایەوە، هەروەها هەوڵی چاندنی "بۆمبی ساختەی" لە بنکەیەکی سەربازی بەریتانیادا دابوو.
ئەو سەربازە پێشووەی سوپای بەریتانیا لەکاتێکدا چاوەڕێی دادگاییکردن بوو، لە مانگی نۆی ساڵی 2023 لە زیندانی لەندەن هەڵهات، ئەمەش بە بەستنەوەی خۆی لە ژێر ئۆتۆمبێلێکی جۆرەی ڤان و دواجار لە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانی کورتخایەن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، دەستگیر کرایەوە.
ئەو گەنجە تەمەن 23 ساڵە بە "کۆکردنەوەی زانیاری کە ڕەنگە بۆ دوژمنێک سوودی هەبێت" و بە "دەستگەیشتن بەو زانیاریانەی کە ڕەنگە بۆ تیرۆر سوودی هەبێت" و بە "بڵاولردنەوەی ترس لەرێگەی چاندنی بۆمبی ساختەوە" تۆمەتبار کرابوو.
ناوبراو هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردۆتەوە، بەڵام لەکاتی خستنەڕووی بەرگری خۆی، دانی بەوەداناوە کە لە زیندان هەڵاتووە و ڕایگەیاندووە کە ویستویەتی ببێتە سیخوڕێکی دوو سەرە بۆ دەزگای هەواڵگری بەریتانیا.
دانیال خەلیفە کە دایکی لە ئێران لەدایک بووە، لە کاتی بەرگریکردن لە خۆی وتی "پێموانییە تا ئێستا کەسێکم ناسیبێت کە لە دەرەوەی ئێران بژیت و دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی نەکات. دایکم ڕقی لە ڕژێمی تارانە و ئەمە هەموو بنەماڵەکەم دەگرێتەوە... من و بنەماڵەکەم دژی ڕێژیمی ئێرانین".
خەلیفە هەروەها سەبارەت بە گەشتەکەی بۆ ئێران وتی "هەموو ڕۆژێک کە لەو وڵاتە بووم، ویستوومە بگەڕێمەوە، ڕقم لێی بوو و پێم وابوو شوێنێکی ترسناکە. کەشوهەواکەی، حکومەت، پۆلیس، هەموو شتێک ترسناک بوو لەو وڵاتە."
دانیال عابید خەلیفە دوای زیاتر لە 23 کاتژمێر وتووێژ لە دانیشتنی دادگا، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە یاسای نهێنی فەرمی و یاسای تیرۆر لەلایەن دەستەی سوێندخواردنەوە تاوانبار کرا و لە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ترس لە ڕێگەی چاندنی بۆمبی ساختەوە بە بێتاوان دەرچوو.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز