بە پێی قسەی کەسە نزیکەکانی و جەخت کردنەوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ گەنجێکی کورد بە ناوی مێهراب عەبدوڵڵازادەی تەمەن 27 ساڵ دەرکردووە کە یەکێکە لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی "شۆڕش"ی ژینا ئەمینی.
بەپێی قسەی یەکێک لە هاوڕێکانی مێهراب کە لەبەر پاراستنی دۆخی ئاسایشی خۆی داوای کردووە ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" مێهراب بێ گوناحە و هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی تاوانی ئەنجامدابێت، بەڵام لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراوە بە دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانەش، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکراوە.
سزای لە سێدارەدانەکەی مێهراب لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان پشتڕاستکراوەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە وڵاتی کەنەدایە هاتووە،" مێهراب عەبدوڵڵازادە ، تەمەن 27 ساڵ کوڕی محەمەدئەمین ، خەڵکی ئاوایی "خوشاڵان"ی ورمێ و دانیشتووی شەهرەکی وەلیعەسر، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بۆ دەرکراوە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە،" مێهراب عەبدوڵڵازادە مانگی 9ی ساڵی 2022 لەشارۆچکەی وەلیعەسری ورمێ لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی شاراوەی ئەمنییەتی لە ورمێ ڕاگوێزرابوو . ئەو لە ماوەی دەستبەسەر کرانیدا لە لایەن لێکۆڵەرە ئەمنیەتیەکانەوە بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی کراوە . دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێ لە دادگایەکی تەواو نادادپەروەرانەدا، بێ ئەوەی کە لە کەمترین مافە ناسراوەکان بۆ تۆمەتبارێک بەهرەمەند بێت تەنانەت بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکراوە."
هاوڕێکەی میهراب بە دەنگی ئەمەریکای وت،" لەبەر فشاری دەزگا ئەمنیەکان خێزانەکەی مێهراب ناتوانن بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن هیچ قسەیەک لەبارەی دۆخی کوڕەکەیانەوە بڵاو بکەنەوە، تەنانەت پێیان وتراوە نابێت هیچ زانیاریەک بدەنە دەزگاکان."