دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، نەخۆشییەک کە هەتا ئێستا نازانرێت چیە، لە مانگی یازدەی ڕابردوودا بووتە مایەی گیان لەدەستدانی 143 کەس لە پارێزگای باشووری ڕۆژئاوای کۆنگۆ .
رۆژی دووشەممە، ڕێمی ساکی جێگری پارێزگاری کوانگۆ و ئەپۆلینێر یومبا، وەزیری تەندروستی پارێزگاکە ڕایگەیاند، کە تووشبووان بە نەخۆشییەکە نیشانەکانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزایان هەبووە، لەوانە تای بەرز و ژانە سەری توند.
تیمێکی پزیشکی ڕەوانەی ناوچەی تەندروستی پانزی کراوە بۆ کۆکردنەوەی سامپڵ و ئەنجامدانی شیکاری بەمەبەستی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
سیفۆریەن مەنزانزا، سەرۆکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، دۆخەکە لەڕادەبەدەر مایەی نیگەرانییە چونکە ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
مەنزانزا گوتیشی" پانزی ناوچەیەکی تەندروستی گوندنشینە، هەربۆیە کێشە لە دابینکردنی دەرماندا هەیە ".
ڕێمی ساکی، جێگری پارێزگاری کوانگۆ و ئەپۆلینێر یومبا، وەزیری تەندروستی پارێزگاکە رایانگەیاند تووشبوان بە نەخۆشییەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە گیان لەدەست دەدەن.
پسپۆرێکی ناوخۆیی بواری پەتا گوتی نەخۆشییەکە زۆرترین زیانی بە ژنان و منداڵان گەیاندووە .
وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی ڕابردوودا لە بوونی ئەو نەخۆشییە ئاگادارکراونەتەوە و شانبەشانی وەزارەتی تەندروستی گشتی کۆنگۆ کار بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتردەکەن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز