Accessibility links

ڕێکخراوی CPT: بە گولەی سەربازانی تورکیا هاووڵاتیەکی مەدەنی لە سنوری کوردستان گیانی لەدەستدا


ڕۆژی چوارشەممە 4ی مانگی دوانزەی 2024، هاووڵاتیەکی گوندی قومری لە چیای بەرواری باڵا لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە بە دەستدرێژی گولە کرایە ئامانج و دەست بەجێ گیانی لەدەستدا و ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.

کامەران عوسمان، بەرپرسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سێ هاووڵاتی دانیشتووی گوندی قومری لە ناحیەی کانی ماسێ، لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی، ڕوویانکردە چیای مرورێ کە بەنزیکەی یەک کیلۆمەتر و نیو لە گوندەکەی خۆیانەوە دوورە، بەڵام لەلایەن سەربازانی تورکیا لەسەر لوتکەی کەفرە سۆرەوە تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا هاووڵاتیەکی مەدەنی بەناوی( سەباح عەبدولستار قومری) کە لە دایکبووی ساڵی 1979 یە بە فیشەکی سەربازانی تورکیا پێکرا و گیانی لەدەستدا."

وتیشی،" سوپای تورکیا لە مانگی چواری ساڵی 2021 ەوە لە چوار چێوەی ئۆپەراسیۆنێکی چەنگی- هەورە بروسکەدا، چوار بارەگای سەربازی بە قوڵای 7 کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان لە دەورووبەری گوندی هرورێ لەسەر لوتکەی چیاکانی ( کەفرە سۆر و مەلا ڕدی و دەرارێ و زناری کێستە) دروستکردووە و سەرباز و تۆپخانەی لەناو ئەو بارەگایانەدا جێگیرکردەوە."

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکای کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار لەسەر چاودێری بۆردومان و لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا و ئێران دەکات دەڵێت،" لەسەرەتای ئەم ساڵی 2024، تاوەکو ئەمڕۆ 18 هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشیەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەستدا و 4 هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوونە."

عومەر قومری، موختاری گوندی قومری لەدوایی ڕووداوی کوشتنی هاوڵاتیەکی دانیشتووی گوندەکەیان بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" ڕووداوەکە هێشتا نوێیە و نەگەیشتووینەتە شوێنەکە، بەڵام هەتائێستا نازانین چۆن و بۆچی تەقە کراوە و تەرمەکەی دەکەوێتە کوێوە تا بیگەڕێننەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:25 0:00
XS
SM
MD
LG