حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەسەر ماڵپەڕی خۆی ڕایگەیاند وڵاتەکەی ژمارەیەک ڕێکەوتنی ئاسایشی لەگەڵ عێراقدا واژوکردووە کە یەکەم جارە لە جیهاندا ڕێکەوتنی لەو شێوەیە بکرێن. دەڵێت ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی لە میانەی سەردانێکی سێ ڕۆژی بۆ عێراق بە یاوەری مارتن هیویت، فەرماندەی پاسەوانانی سنووری بەریتانیا ژمارەیەک ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژوکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی بە قاچاخ مرۆڤ دەبەن و باندەکانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن. بەپێی ڕاگەیاندنەکە، بەریتانیا بۆ ئەم مەبەستە بەڵێنی داوە پشتیوانی دارایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، لەوانە دابینکردنی بڕی 300 هەزار پاوەن بۆ ڕاهێنانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و دابینکردنی 200 هەزار پاوەن بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆژەکانی پەیوەست بە ئاسایشی سنوور و ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
دەپرسین:
ئەو ڕێکەوتنانە چین کە وەک بەریتانیا دەڵێت هەتا ئێستا ڕێکەوتنی لەو شێوەیانە لە نێوان وڵاتاندا نەکراون؟
بۆچی لەم کاتەدا ئەم ڕێکەوتنانە کران؟
هۆکار چییە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ئامانجانە کۆمەکی دارایی لە بەریتانیا وەردەگرن؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
د.موسەنا ئەمین،ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق
دەشتی جەمال، سەرۆكی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق
دکتۆر موسەنا ئەمین:
وەک لیژنە و پەرلەمان ئێمە ئاگاداری ئەو ڕێککەوتنانە نین کە دەکرێن سەبارەت بە مافی کۆچبەران، لە پەناوە بەشەرمەوە حکومەت دەیکات، چونکە لە بەرژەوەندی گشتی نیە و پێیان وایە بەشێکە لە موستەلزەماتی دەوڵەت، ئەوە بۆ خۆجوانکردنی هەندێک لەدەسەڵاتدارانە، ڕۆڵ بینیانە وەک پاسەوانی سنور بۆ ئەو وڵاتانە، ئێمە لە لیژنەکەمان کاتێک لایەنی حکومەت و وەزارەتی دەرەوە بانگ دەکەین سەبارەت بەو ڕێککەوتنانە و پرسی کۆچبەران ئەوان تەنها قسەی گشتی دەکەن و دەڵێن، ڕێزگرتنە لە سنور و سەروەری ئەو وڵاتانە، هەروەها جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیەیە کە عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیەتی، بە زۆر ناردنەوەی پەنابەر مافی هیچ وڵاتێک نیە چونکە ئەوە پێچەوانەی مافی مرۆڤە و بەپێی خودی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان مرۆڤ ئازادە لە کوێ دەژی، بەداخەوە هەندێکجار ڕێگای زۆر نامرۆڤانە لە ناردنەوەی بەزۆری کۆچبەرانی عێراقی پەیڕەودەکرێت لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە وەک بەستنەوەی دەستوقاچی کۆچبەر و هەڕەشەکردن لەماڵ و مناڵی.
سەبارەت بەدواین ڕێککەوتنی نێوان عێراق و بەریتانیا ئێمە وەک پەرلەمان هیچ لە ناوەڕۆکەکەی ئاگادار نین، ئەگەر وەک ئەوە بێت کە حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردۆتەوە گوایە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی باندەکانی قاچاغچی بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەرە ئێمە دەستخۆشی لەڕێککەوتنی لەوجۆرە دەکەین، بەڵام هەمیشە لەپشت ئەم تایتڵ و داڕشتنانە شتی تر هەیە ئێمە گومانمان هەیە کە بۆ ئەمە بێت.
ئەوەی کە بەریتانیا ٣٠٠هەزار پاوەن دەدا بە عێراق و ٢٠٠هەزار پاوەن بە هەرێمی کوردستان، بەڕاستی من تەریق بومەوە کە ئەوەم بینی ئەوە سوکایەتیە بە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕاستی ئەوە گەورەترین شەرمەزارییە کە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پان بکەنەوە بۆ ئەوەی بەریتانیا ٣٠٠هەزار یا ٢٠٠هەزار پاوەنیان بداتێ بۆ ڕێککەوتن، ئەمە ئەوپەڕی شەرمەزارییە هیچ سواڵکەرێکی بازاڕ ئەمە قبوڵ ناکات، ئەو بڕە پارەیە بدرێت بە زەعیمی مافیایەک قبوڵی ناکات،هەر سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەندە زیاتر لەیەک سەفەری ئەمەریکا خەرجی کردووە، مناڵی هەر بەرپرسێکی عێراق و هەرێم بگری لە سەفەری وڵاتان بە ١٠ ڕۆژ ڕەنگە ئەو پارەیە خەرج بکات، زۆر شەرمەزارییە بۆ عێراق و هەرێم ئەو بڕە پارەیەیان وەرگرتووە.
بەڵام بائەوەش باس بکەین،کەبەدەیان هەزار کەس بونەتە قوربانی لەئیجە یا لەدارستانەکان لەبرسان و لەسەرماندا مردون یابەدەستی مافیاکان پارچە پارچەکراون، هەمووی بەهۆی ئەو باندە قاچاغچییانەی بەئاشکرا بانگەوازی بەقاچاغبردن لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و بونەتە بازرگان بۆ گیانی مرۆڤەکان، دەبێت حکومەتی هەرێم و عێڕاق بەرنامەیان هەبێت بۆ ڕێگریکردن لەو جۆرە بازرگانیە، بەڵام کاتێکیش مرۆڤێک بەو ڕێگا پڕ مەترسییە دەگاتە وڵاتێک مەعقول نیە بەڕێککەوتن و ئەو بڕە پارە بیانهێنیتەوە بەزۆرە ملێ، بێگومان تا ئەوجۆرە هاوکاری و ڕێککەوتنانەی عێراق و هەرێم هەبێت، دۆخی پەنابەران لەمە باشتر نابێت و مەترسی لەسەر مانەوەیان دروست دەبێت، هەرێمی کوردستانیش ئەگەر بیەوێت دەتوانێت ڕێگری لەنیشتنەوەی ئەو فڕۆکانە بکات کە بەزۆر پەنابەرانی کۆچبەران دەهێننەوە.
دەشتی جەمال:
وەزیری ئاسایشی بەریتانیا ڕایگەیاند، بۆ جەختکردنەوە لە ڕێککەوتننامەی نێوان بەریتانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت ەپرسی کۆچبەران، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەکییان پیشانداوە بۆ هەماهەنگی و وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی کەمافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە، هەروەک لەماوەی ڕابردوو زیاتر لە ٩٦٠٠پەنابەر بەزۆرە ملێ گەڕێنرایەوە عێراق و هەرێم لەنچوارچێوەی ڕێککەوتننەکانی پێشتر، ئەم ڕێککەوتنە تازە نیە، پێشتر لەگەڵ حکومەتەکانی نەرویج و دانیمارک و مانگی ١١ی ساڵی ڕابردووش لەگەڵ ئەڵمانیا کراون بەناوی یاداشتی لێکتێگەیشتن کە لەسەر حسابی چارەنوسی ئەو کۆچبەرانە هەمووی کراون کەهەیانە زیاتر لە ٢٠ساڵە لە کەمپەکاندا لە ژیانێکی مەمرەو مەژی و چاوەڕوانیدان، جگە لەوە هەر خودی ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاواو بەریتانیا و ئەمەریکا خۆیان هۆکار بوون لەو کاولکاری و جەنگ و ئێستاش هێنانەکایەی حکومەت و دەستوری دواکەوتوی عێراق و پشتیوانی هەرێم، کە بۆتە هۆی هەڵهاتنی هاووڵاتیانی عێراق و هەرێم کە ئەو وڵاتانە خۆیان هۆکارن لە دۆخی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە، هەروەک چۆن لە ئەفغانستان دەسەڵاتییان ڕادەستی تاڵیبان کردەوە.
پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس پارتی و یەکێتی ئەم هاوکارییەی وڵاتانیان بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بەزۆرە ملێ کردووە، هەر لە بەریتانیاوە پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە دەورەی پارتی و یەکێتی لە فڕۆکەخانەی سەربازی بە فڕۆکەی سەربازی پەنابەری کوردییان بەزۆرە ملێ هێنایەوە لە فڕۆکەخانەی هەولێر دایانگرتن، بەڕاستی پارتی و یەکێتی چۆن هۆکارن لە بەقاچاغبردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێم و خراپی گوزەرانی خەڵک، ئێستاش بونەتە هۆکاری ئەوەی ئەو پەنابەرانەی بە هەزار ناڕەحەتی و بڕینی دەریا و جەنگەڵ گەیشتونەتە ئەم وڵاتانەی ئەوروپا بەچەندەها خەون بۆ خۆی ماڵ و مناڵی بەڵام ئەوان دێ لێی تێکدەدەن و دەست دەخەنە ناو دەستی ئەو سیاسەتە قێزەونە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بەزۆرە ملێ لەپێناو بڕە پارەیەکی کەم، ساڵی ٢٠٢٣ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاتن بۆ بەریتانیا هەموو هاوکارییەکی هەرێمییان پیشان دا بۆ حکومەتی پەنابەران لەسەر پرسی کۆچبەران، هەروەها ساڵی ٢٠٢٢ سەرۆکی حکومەتی هەرێم هات بۆ بەریتانیا پاش کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕێککەوتنیان بەچارەنوسی چەندین پەنابەری کورد لێرە کرد کە ژن و مناڵییان هەبوو، ئەمانە هەمیشە پیشەیان بووە، هەمیشە گوێ لەمشتی دەوڵەتانی دراوسێی و تەبەنی کردنی سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا بوون، یارییان کردووە، هەرکەس پارەی پێدابن بچەمێننەوە بۆی، لەساڵی نەوەدەکان دەچوون کۆپی پاسپۆرت و ناسنامەی خەڵکیان لە ئیبراهیم خەلیلەوە دەدا بەوڵاتانی ئەوروپا،ئاخر چ دەوڵەتێک بەرامبەر بەپارە دێت لەگەڵ وڵاتێکی تر ڕێکبکەوێ لەسەر حسابی هاووڵاتییەکانی، ئەمانە چۆن لەناوخۆ خەڵکییان ڕوبەڕووی بێ موچەیی و دەیان قەیران کردووە، دەیانەوێت لەدەرەوەش مافی پەنابەری لە خەڵک وەربگرنەوە، لەسەر ئەم کارانەیان حەقە بدرێنە دادگای گەل.
پارتی و یەکێتی و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٣وە هەمیشە هاوکاری ئەو وڵاتانە بوون کە پەنابەرانی کورد و عێراقییان بە زۆرە ملێ ناردۆتەوە، ئەگەر هاوکاری حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نەبێت هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەزۆرە ملێ پەنابەر سوار فڕۆکە بکات و بینێرێتەوە چونکە دەبێت پێشتر وەزیری ناوخۆی ئەو جێگایە ئاگادار کرابێتەوە و هەماهەنگی کردبێت، ئەو ڕێککەوتنەی ئەمجارەی نێوان بەریتانیا و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم چارەنوسی پەنابەران دەخاتە مەترسییەوە، هەرئێستا کە پێنج هەزار پەنابەری کورد کەیسەکانیان ڕەتکراوەتەوە ئەم ڕێککەوتنە وادەکات پڕۆسەی ناردنیان بۆ دادگا خێرا بکرێت هەتا زوو بەزۆرە ملێ بنێردرێنەوە، ئەگەر ڕێککەون نەبێت ناردنی ئەو کەیسانە دوو-سێ ساڵ دەخایەنێت لەو ماوەدا دەتوانرێت لەڕێگای پارێزەرەوە کاربکرێت.
وەزیری ئاسایشی بەریتانیا چەند ڕۆژ لەمەوبەر وتی، حکومەتی عێراق ئامادەیی پیشانداوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانە بۆیە پێویستە ئێمە هەرچی هەیە زووتر بکەین.
داوا لە خەڵک و کەسوکاری پەنابەران دەکەم فشار بکەن لەو دوو حزبە و لە حکومەتی هەرێم هەتا دەست هەڵبگرن لەدەست خستنە ناو دەستی ئەو وڵاتانە بۆ تێکدانی ژیان و داهاتووی ڕۆڵەکانیان.