Accessibility links

فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی: بەدووری نازانین ئەو شەڕەی لە سوریا دروستبووە دەستی تورکیای تێدابێت


فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق، پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا ڕادەکێشێت و ڕایدەگەیەنێت تورکیا پێدەچێت دەستی لەو هێرشەی سەر سوریا هەبێت و تێکچوونی لەمە زیاتری دۆخەکەش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دەزانێت و دەشڵێت، حەشدی شەعبی و هێزە چەکداریەکانی دیکە جوڵەیان پێکراوە بۆ سەر سنوری سوریا.

عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی نێو چوار چێوەی هەماهەنگی کە نوری مالکی سەرۆکایەتی حزبەکە دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوریا هەیە، لە عێراقەوە جموجۆڵێکی سەربازی هەیە بۆ سەر سنوری سوریا بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری عێراق کە لە فیرقەی یەکی سەربازی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکهاتوون، پێکهاتەی حەشدی شەعبیش وەک پێکهاتەیەکی فەرمی لە ژیر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و بەشدارە لە پرۆسەکە."

وتیشی،" ئەو هێرشەی کە کراوە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی عێراق دروست دەکات و کاریگەری لەسەر مەزهەبەکان هەیە و ئەوەی باسی لێوەدەکەن برایانمان بوونی لایەنگیرانی ئێران لە سوریا و هەروەها هێزی بەرگری بوونی هەیە لە سوریا بەتایبەت و دیاریکراوی لە ناوچەکانی باشوری سوریا و ناوچەکانی ناوەڕاست کە نزیکە لە باکوور کە ئێستا شەری تێدا دەکرێت."

نوسینگەی ڕاگەیاندی سەرۆکی حکومەتی عێراق، ڕۆژی سێشەممە 3ی مانگی دوانزەی 2024 بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆی تەلەفونی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئۆردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامدا و هەردولا تیشکیان خستووەتە سەر دواین پێشهاتە ئەمنیەکانی ئەم دوایەی سوریا و ناوچەکە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئۆردوغانی ئاگادارکردووەتەوە کە عێراق لە تەنیشتەوە ناوەستێت و تەماشای ئەو کاردانەوە مەترسیدارە ناکات کە لە سوریا ڕوودەدەن بەتایبەتی،" پاکتاوکردنی نەتەوەیی پێکهاتەکان و مەزهەبەکانی ئەوێ." جەختیشی کردووەتەوە کە عێراق پێشووتر بەهۆی تیرۆر و دەرئەنجامی کۆنترڵکردنی ڕێکخراوە توندڕەوەکانەوە زیانی پێگەیشتووە لەسەر ناوچەکانی سوریا، بۆیە ڕێگا نادات دووبارە بکرێتەوە.

لەناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سودانی جەختی لەوە کردووەتەوە،" کە وڵاتانی ئیسلامی پێویستیان بە دابەشبوونی ناوخۆیی نییە و ئەوەی لە سوریا ڕوودەجات لەبەرژەوەندی قەوارەی زایۆنیدایە کە بەئەنقەست شوێنەکانی سوپای سوریای بەشێوەیەک بۆردومانکرد کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ گروپە تێرۆریستیەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی زیادە لە سوریا، جگە لەوەی کە ئەم ڕێکخراوانە هیچ هەڵوێستێکی پشتیوانیان بۆ گەلی فەلەستینمان نەبووە یان هیچ ئیدانەکردنی ڕووی دەسترێژی بۆ سەرغەززەیان نەبووە."

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، هەردوو هاوڕابوونە لەسەر گرنگی هەماهەنگی هاوبەشی نێوانیان، هەروەها پێویستی پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری سوریا، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە.

عەبدولڕەحمان جەزائیری، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە وەزارەتی بەرگری عێراق، ڕاشیگەیاند،" ئێمە کاتێک تەماشای هێزێکی پڕ چەکی پێشکەوتوو دەکەین کە لە سوپای سوریای داوە لە ئەدلب و حەما و ئەوەی پێی دەوترێت حمس و ناوچەکانی نزیکیان، ئەمە واتای ئەوەیە دەستێوەڕدانێکی ڕوون هەیە لەلایەن تورکیاوە."

وتیشی،" بە دووری نازانین دزە پێکردن و بەدەستەوەدانی ئەم ناوچانە لەلایەن تورکیاوە بێت بە دانپێدانانی بەشێک لە هەواڵگری تورکیا کە تورکیا پاڵپشتی ئەم پرۆژەیە دەکات لە ناوچەکە، ئێستا لەسەر مێزی سیاسی گفتوگۆ دەکات و بەداخەوە چەند کیلۆمەترێکی سنوری عێراقی بەزاندووە و بەداخەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بیدەنگە لەو ڕوویەوە."

جەزائیری، باسی لەوەشکرد،" هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی مەبەستیانە پریشکی ئەو ئاگرە لە عێراق دووربخەنەوە، چونکە بەڕاستی مەترسیدارە و نابێت ڕێگەبدرێت بەو پێشڕەویانە."

ڕۆژی 29ی مانگی یانزەی 2024، گرووپە چەکدارەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی کە بە گرووپی سوونەی تونڕەوی نزیک لە تورکیا دادەنرێن هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سوریا و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری ئەو شارەیان کۆنتڕۆڵکرد، دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ و بەردەوامی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە، مەترسی جدی لەسەر عێراق دروستکردووە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە داوای کۆتایی هێنانێکی کرد بە " ناسەقامگیرییەکەی " ناو سوریا و ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
ئەردۆغان وتی " هیوای گەورەمان بۆ سوریا ئەوەیە کە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکەی و یەکگرتوویی نیشتیمانی بپارێزرێت، هەروەها هیواخوازین ناسەقامگیرییەکە کە ماوەی 13 ساڵە بەردەوامە کۆتایی بێت، بە سازشێک کە لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانی گەلی سوریادا بگونجێت."

وتیشی " تورکیا لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتیمانی خۆیدا سات بە سات چاودێری دۆخەکە دەکات و هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر کارێک کە زیان بەوە بگەیەنێت."

عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکانی لە ئەگەری هێرشی ئەو هێزانە بۆسەر عێراق هێزێکی زۆری سەربازی لەسەر سنورەکانی لەگەڵ سوریا جێگیرکردووە، هاوکات بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز بێت کە پشتی بە سەرچاوەیەکی باڵای سوپای سوریا بەستووە، لە سێ ڕۆژی ڕابردوو، دەیان چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراقەوە چوونەتە ناو سوریاوە، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی سەربازی نزیک لە خاڵی سنوری ئەلبوکەمال.

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی لەسەر دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،" ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانی خۆی بۆ هەموو هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی حکومەت دەردەبڕێت کە لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە ئەنجامیداوە و پێویستە بەغدا ببێتە بارەگایەک بۆ گفتوگۆ بەردەوامەکان."

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەش هاتووە، هاوپەیمانی ئیداەری دەوڵەت، دەستپێشەخەریەکی بۆ عێراق هەیە بۆ بانگێشتکردنی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی پەیوەندیدار بە قەیرانی سوریا بۆ کۆبوونەوەی بە پەلە بەغداد."

چاودێرانی سیاسیش ڕایان وایە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت دەوڵەتێکی تری هاوشێوەی داعش لە ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە، هاوکات ئەمەش بێ کاریگەر نابێت لەسەر عێراق و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن عێراق پەلکێشی شەڕ و ئاڵۆزیەکان بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:27 0:00

XS
SM
MD
LG