چەکدارانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی دوای سێ ڕۆژ لە شەڕی قورس لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا لە دەورووبەری شاری حەما، رۆیشتوونەتە ناو بەشێک لە ناوچەکانی ناوەندی شارەکە.
سوپای سوریا ڕۆژی پێنجشەممە،5ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند چەکداران دوای شەڕ و پێکدادانێکی قورس چوونەتە ناو حەما و دەڵێن "بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕێگریکردن لە شەڕکردن لە نێو شارەکان، لە دەرەوەی شارەکە جێگیر بوون."
تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە وێنەی چەکدارانی لە ناو شارەکەی بڵاوکردوەتەوە کە ئۆتۆمبێلی سەربازی و ماتۆڕسکیل لێدەخوڕن.
کۆنترۆڵکردنی حەما لە ڕووی ستراتیژییەوە بە گرنگ دادەنرێت، چونکە حەلەب بە دیمەشقی پایتەختەوە دەبەستێتەوە. جگە لەوەش، هەرچەندە شاری حەما لە ساڵی 2011دا شوێنی ناڕەزایەتی بەرفراوان بوو لە دژی ڕژێمی ئەسەد، بەڵام ئەو پارێزگایە شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆر لە عەلەوییەکانە، پێکهاتەیەک کە ئەسەد سەر بەو پێکهاتەیە و قەڵایەکی بەهێزی سەرۆک کۆماری سوریایە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە شەڕی ئەم دواییەی سوریا سەدان کەس کوژراون کە زۆربەیان چەکدار بوون و نزیکەی 115 هەزار کەسیش ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارە بوون.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز