گیدعۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە 5ی مانگی دوازدە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ماڵتا ڕایگەیاند دەرفەت بۆ پێشخستنی ڕێککەوتن سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکان ڕەخساوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ساعر لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئیسرائیل "جدییە" لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لەو دیدارەدا ساعر هەروەها پاڵپشتی ئەمەریکای بۆ ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تاکو ئێستا بەرز نرخاند و سوپاسی ئەمەریکای کرد.
لە هێرشی 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش بە بارمتە گیران کە لە ساڵی ڕابردوودا هەندێکیان لە کاتی ئاگربەستێکی کاتیدا ئازادکران، بەڵام بەشێکی دیکەیان هێشتا بە دیل گیراون.
لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا، لە کاتی ئاگربەستێکی حەوت ڕۆژەدا، 105 بارمتە ئازاد کران. پێشتر چوار بارمتە ئازاد کرابوون و سێ بارمتەش لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ڕزگار کرابوون. ئیسرائیل دەڵێت تا ئێستاش حەماس زیاتر لە 100 بارمتەی بەدەستەوەیە. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە هەندێکیان کوژرابێتن.
بزووتنەوەی حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت، لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، ئیسرائیل، کەنەدا، ژاپۆن و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهاندایە.
سەتچاوە/دەنگی ئەمەریکا