گەورەترین بەرپرسی سەربازی بەریتانیا بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی هاوکارییەکانی ڕووسیا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئیران و کۆریای باکوور ڕایدەگەیەنێت کە جیهان لە لێواری "سێیەمین سەردەمی ئەتۆمی"دایە و هاوکات ڕووبەڕووی چەندین کێشەیە، ئەمەش لەکاتێکدا چاودێری و چوارچێوەکانیش بۆ کونتڕۆڵکردنی هەڕەشەکان لاواز بوون.
تۆنی ڕاداکین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا دەڵێت "کێشە سەرەکییەکانی بەردەم ڕۆژئاوا بریتین لە هاوکاری نەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەڕەشەی ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە شەڕەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا، هەوڵی چین بۆ هەبوونی کۆگای ئەتۆمی و ڕەفتاری ناسەقامگیرکەری کۆریای باکوور."
ئاماژەی بەوەشکرد هەموو ئەو هەڕەشانە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشە ئەلیکترۆنیەکان و هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەنجامدەدرێن.
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی پێویستە جددیەتی هەڕەشەکان، لەنێویاندا ئەگەری هێرشی ئەتۆمی ڕاستەوخۆی ڕووسیا بۆ سەر بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، بە جددی وەربگرێت - تەنانەت ئەگەر ئەگەرەکانیان زۆر کەمیش بێت .
ڕاداکین گوتیشی 'لەکاتێکدا لە جەنگی سارددا هەردوو زلهێزەکە کۆنتڕۆڵیان هەبوو بۆ ڕێگریکردنی شەڕی ئەتۆمی و هەروەها سێ دەیەی ڕابردووش بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بەناوبانگە، بەڵام سەردەمی ئێستا "زۆر ئاڵۆزترە".
سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی بەرگری بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە جیهان لەسەروبەندی سەردەمی سێیەمی ئەتۆمیدایە و لەگەڵ پەرەسەندنی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی و نەبوونی میکانیزمی ئەمنی ڕابردوودا ڕووبەڕوویە.
ناوبراو جێگیرکردنی هێزەکانی کۆریای باکوور لەسەر سنووری ئۆکرانیا بە "نائاساییترین پێشهات"ی ئەمساڵ ناوبرد و هۆشداریدا لەوەی کە جێگیرکردنی هێزی زیاتریش ئەگەری هەیە.
ڕاداکین ئاماژەی بەوەشکرد کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن ڕووسیا و هەڕەشەی ڕووسیا بۆ پڕچەککردنی حوسییەکان وەک تۆڵەی ڕاستەوخۆ لە پاڵپشتی ڕۆژئاوا لە ئۆکرانیا جیهانی دابەش کردووە بەسەر سێ گروپ. بە گوتەی ناوبراو، یەکێک لەو گرووپانە "حکومەتە دەسەڵاتخوازەکان"ی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕووسیا، چین و کۆریای باکوورە کە ئامانجیان تێکدانی نەزمی جیهانییە و گرووپەکانی دیکەش "وڵاتانی بەرپرسیارن لە جیهان" و "ئەوی تر ئەو وڵاتانەن کە لەو نێوەدا هەوڵدەدەن زۆرترین بەرژەوەندی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن."
شایانی باسە بەریتانیا هەمیشە لانیکەم یەک ژێردەریایی چەکی ئەتۆمی لە دەریادا دەهێڵێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری هێرشی ئەتۆمی.
لە ئێستادا حکومەتی بەریتانیا سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە بەرگری ستراتژیکی خۆی بۆ ئەوەی دیاری بکات کە چۆن دەبێت هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ ببنەوە.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا