لیستی ناوی ئەو ژنانە بڵاوکرایەوە کە لە ساڵی 2024 بوونە پێشەنگ و کاریگەرییان لەسەر جیهان هەبووە، لە لیستەکەدا ناوی 100 ژن دەستنیشان کراون کە دوو لەو ژنانە کوردن، یەکێک لەوانە نادیە موراد هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و ڕزگاربووی دەستی داعش و ئەوی تریان ژینا مودەڕیس گورجی چالاکوان و ڕۆژنامەوانی کوردە.
ماڵپەڕی هەواڵی BBCی لیستی ناوی سەد ژنی کاریگەری جیهانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە، نادیە موراد، چالاكوان و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ڕزگاربووی دەستی داعش و داکۆکیکاری مافی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژیی بوونەتەوە یەکێکە لەو ژنانە، هەروەها ژینا مودەڕیس گورجی چالاكوان و ڕۆژنامەوانی كورد هەیە کە داوای چاكسازی یاساكانی ئێرانی کرد بۆ كۆتاییهێنان بە جیاكاری لە دژی ژنان و ئێستاش لە زینداندایە.
نادیە موراد سمبولی خۆڕاگری ژنانی ئێزدی
دوای 10 ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، نادیە موراد هێشتا هێما و سمبولێکی جیهانیە بۆ خۆراگری ژنانی ئێزدی، ئێستاش داکۆکیکارێکی پێشەنگە بۆ ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤە، نادیە موراد بەرگەی جینۆسایدی ئێزدییەکانی گرت.
بهگوێری تۆڕی ههواڵی BBC چەکدارانی داعش نادیە موراد دەگرن و ناچاری بە كۆیلایەتی دەكەن و دەستدرێژی دەكەنە سەری، بەڵام دوای سێ مانگ نادیە بوێرانە توانی ڕابکات و ڕزگاری بێت.
نادیە لە ئێستادا كاردەكات بۆ لێپرسینەوە لە چەکدارانی داعش و هەوڵی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکان دەدات بە تایبەت کۆمەڵگەی ئێزدی، هەروەها کار بۆ قەرەبوکردنەوەی ڕزگاربوانی دەستی داعش دەکات.
ژینا چالاكوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان
ماڵپەڕی هەواڵی BBC سەبارەت ژینا مودەڕیس گورجی دامەزرێنەری ڕێکخراوی ژیڤانۆی ژنان نوسیویەتی" ژینا داكۆكی لە مافەكانی ژنان دەكات و کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە ژینا لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران دووجار دەستبەسەرکراوە و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەتی ئێران" دادگایی کراوە و سزای 21 ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر سزاکەی بۆ 2 ساڵ و 4 مانگ كەمكرایەوە و ئێستا لە زینداندا کاتەکەی بەسەردەبات.
ژنان هەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێی کوشندە و توندتیژییەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە گۆڕانکارییەکان لە کۆمەڵگاکاندا لە سەرانسەری جیهان ناچار بوون هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ دۆزینەوەی ئاست و ڕێگەیەکی نوێی خۆڕاگری.
ئەو 100 ژنە کاریگەرەی بۆ ئەمساڵ دەستنیشان کراون، کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەندین گرفت و بواری جیاجیا دەکەن کە ژنان ڕووبەڕووی بوونەوە، لیستەکە هەروەها ئەو ژنانە لە خۆدەگرێت کە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن و کار دەکەن بۆ یارمەتیدانی گۆڕانکارییەکان لە کۆمەڵگاکانیاندا.
ژنانی کورد ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو ڕووبەرووی چەوسانەوە و نەهامەتیەكی زۆر بوونەتەوە، بەڵام هاوشانی پیاوان تێكۆشاون و لە گشت كایەكانی ژیان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و جێگا پەنجەیان لە بوارە جیاجیاکاندا هەبووە و پێگەی خۆیان لە ناو کۆمەڵگەدا دیاربووە.