ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە 5ی مانگی دوازدە داوای "کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن" لە سوریای کرد و جەختی لە پێویستی ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی مەدەنی ئەو وڵاتە کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز گۆتێرێس داوای پەسەندکردنی میکانیزمێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژانی خوێن لە سووریا و هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کار بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی بکەن و وتی ژیانی دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی لە مەترسیدایە.
هاوکات بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی کە بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ئاوارەبوون، زیاتر لە 280 هەزار کەسە.
بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاند هەنگاوی ناوە بۆ ناردنی هاوکاری بۆ خێزانەکان لە سوریا، بەڵام بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە شێوەی پارێزراو، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن. ئەم ڕێکخراوە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هاوکاریی بەپەلەی جیهانی کرد سەبارەت بەم بابەتە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز