Accessibility links

سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ: یاسا هەر بڕیارێک لەبارەی سکاڵاکەی مەلابەختیارەوە بدات پێوەی ملکەچ دەبین


سەرۆکی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ ڕایدەگەیەنێت، فێستیڤاڵی گەلاوێژ موڵکی هیچ کەس و لایەنێک نییە و موڵکی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژە، سەبارەت نەو کەسانەشی کە داوای یاساییان تۆمارکردووە دەڵێت، چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەن، دادگا هەر بڕیارێک بدات پێوەی ملکەچ دەبن.

دکتۆرە ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گەلاوێژ موڵکی ئەدیبان و نوسەرانە موڵکی ئەوانەیە کە ئیشیان کردووە، ڕاستە کەسانێک کە سەرپەرشتیان کردووە یان پشتیوانیان کردووە ئێستا وەستاون، بەڵام فێستیڤاڵی گەلاوێژ هی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژە و هی کەس نییە، تەنها وەک بینا لە بینایەکی یەکێتیی نیشتیمانیداین، ئەسڵەن بنکەی گەلاوێژ بۆ فێستیڤاڵی گەلاوێژ بووە فێستیڤاڵ چۆن لە بنکە جیا دەکرێتەوە."

وتیشی،" سەبارەت بەوەی کە داوای یاسایی تۆمارکراوە، چاوەڕێین یاسا بڕیاری خۆی بدات هەر بڕیارێک یاسا بیدات ملکەچی دەبین."

ئەمڕۆ 5ی مانگی دوانزە 27ەمین خولی فێستڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ لەژێر ناوی "لە پێناو شکۆی وشەدا گەلاوێژ بەردەوامە" لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد، کە گەورەترین فێستیڤاڵی ئەدەبیە لە هەرێمی کوردستان و ساڵانە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ئەدیبان و نوسەران بەڕێوەدەچێت، هاوکات ژمارەیەک لە ئەدیبانی دەرەکی و ناوەکی لەدوای هەڵسەنگاندنیان لەلایەن لیژنەکەوە خەڵاکی ئاڵتوونی وەردەگرن.

هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا گەلاوێژ لەلایەن مەلا بەختیار ئەندامی پێشووی بەرژەوەندیە باڵاکانی یەکێتی سەرپەرشتی دەکرا، بەڵام دوای دروستبوونی ناکۆکی لە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە نێوان یەکێتی و مەلا بەختیا، بە فەرمی یەکێتی سەرجەمی ئەو دەزگایانەی لەلایەن مەلا بەختیارەوە بەڕێوەدەبران خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

لە نوسراوێکی فەرمیشدا مەلا بەختیار ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ بە "سیناریۆ" ناو دەبات و جەخت دەکاتەوە کە لە ساڵی داهاتوودا گەلاوێژ فێستیڤاڵی خۆی ئەنجام دەدات."

لە بڵاوکراوەکەی مەلا بەختیاردا هاتووە،" ڕوناکبیران و ڕێبوارانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، دورو نزیک بەندە وەکو سەرپەرشتیار گشتی فێستیڤاڵ، ھەتا بڕیاردان بۆ سازدانی ٢٧ مین فێستیڤاڵ، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەی ئێستا دەیانەوێت دوور لە گەوھەرە مێژوییەکەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، فێستیڤاڵ ساز بدەن. ئەمانیش، وەکو یەک تیم، بەبێ بچوکترین تێبینی لە دوا کۆبونەوە لەگەڵماندا، بڕیارمان داو بانگەوازی سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵمان بڵاو کردووە، بەڵام دوای داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، دۆخەکە سەراپا گۆڕا، جەخت دەکەمەوە کەئێمە سورین لەسەر سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵ لەکۆتایی ساڵی ئایندە."

دەشڵێت،" لەھەمان کاتدا دوورو نزیک ئەوانەی دەیانەوێت بەناوی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە فیستیڤاڵ سازبدەن، ئەستۆیان دەخەنە بەردەم ئۆباڵێکی مێژوویی، کەدورە لە نەریتی سازدانی فێستیڤاڵ و دورخستنەوەی فێستیڤاڵ لەھەژمونی حیزبایەتی."

بە هۆی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکەشەوە، هەر ئەمڕۆ، 5ی مانگی 12 مەلا بەختیار لە ڕێگەی وەکیلەکەیەوە داوای یاسایی لە دژی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە تۆمار کرد.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە،" ئە مرۆ لە دادگايى سلێمانى -سكالايەكى ياسايىمان تۆمارکرد، وەک بریکاری بەڕێز مەلا بەختیار کە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەلایەن لایەنێکەوە، کە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە وەک سەرپەرشتیاری یەکەم جگە لە بەڕێز، مەلا بەختیار خاوەندارێتیەکەی ناگەڕیتەوە بۆ هیچ کەس و لایەنێک."

هەروەها دەشڵێت،" چونکە 26 سالە بەڕێز مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژە، کە ئەم فێستیڤاڵە بۆ مەبەستی خزمەتکردنی نوسەران و قەڵەمی ئازادیخوازان و برەودان بووە بەم ڕێچکەیە، ئەم چالاکیە ساڵانە لەلایەن تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر ڕیکخراوە، بەڵام بەداخەوە لایەنێک دەیەوێت خۆی بکات بە خاوەنی ئەنجامدانی ئەم فێستڤالە نێودەوڵەتییە."

هەرچەندە دکتۆرە ئیپتیسام ئاماژە بەوەدەکات کە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ئەدیبان بەشداری فێستیڤالەکە بوون و دەلێت،" خەڵک کاری باش و جوانی بەلاوە گرنگە کێ خزمەت بکات و ئیش بکات ئەوەی دەوێت، واتە ئەنجامی دەوێت گرنگ نییە کێ دەیکات، بۆیە میوانێکی زۆر لە نوسەران و ڕووناکبیران و خەڵکی تریش هاتبوون وەک کەرنەڤاڵێک هاتبوو، چونکە کاریگەری وای دروستکردووە لای خەڵک، کە خەڵک بە پەرۆشن بۆ بەشداریکردنی."

بەڵام کچی یەکێکی تر لە سەرپەرشتیارە کۆچکردووەکانی فێستیڤاڵەکەش داوا دەکات ناوی باوکی لە فێستڤالەکە بەکار نەهێندرێت.

هێشوو سامی هادی، کچی نووسەری کۆچکردوو هادی سامی، کە یەکێک بوو لە سەرپەرشتیارە سەرەکیەکانی گەلاوێژ و لە 9ی مانگی 10 کۆچی دوایی کرد لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت،" هەموان بە تایبەتی روناکبیران و نوسەران و ئەدیبان باش باش دەزانن باوکم سامی هادی، بە درێژایی 26 فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕۆڵێکی بەرچاو و سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەو فیستیڤاڵەدا هەبوو، ئێستا کە کەسانێک لە دەرەوەی خواست و ئارەزووی باوکم و لە دەرەوەی بڕیاری خاوەنە راستەقینەکانی فێستیڤاڵ، بەناو 27هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ ساز دەکەن، کە فێستیڤاڵێکی رەسەن نیە، من وەکو کچی سامی هادی پێیان رادەگەیەنم کە بە هیچ جۆرێک ناوی باوکم لەو فیستیڤاڵەدا بە هیچ بیانویەک بەکارنەهێنرێت."

XS
SM
MD
LG