Accessibility links

پەرلەمانتارێک: عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی چەکدار لە سوریاوە بۆ نێو وڵاتەکەی


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق ترسی لە پەڕینەوەی تیرۆر لە سوریاوە بۆ عێراق و ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئەمنی ناوچەکە هەیە، بۆیە سەرقاڵی ئامادەکاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنییە.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنورییەکانەو ئامادەکاری دەکات بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی تیرۆر لە سوریاوە بۆ عێراق."

دوێنێ چوارشەممە، 4 ی مانگی 12 ی 2024، دوای میوانداریکردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند،"تاوتوێی ئەو سیاسەت و ڕێوشوێنانەمان کرد کە گیراونەتەبەر، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکانی ناوچەکەو ڕوونکردنەوەمان لەبارەی بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دا."

سەباح حەبیب دەڵێت،"سودانی لە پەرلەمان باسی لەهەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ تێکنەچوونی ئاسایش و سەقامگیری عێراق، بەوەی هەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتەبەر و سوپاو هێزەکانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە لە پێناو بەدوورگرتنی عێراق لە کێشەکان."

ترسی عێراق لە شەڕی سوریا بۆ نێو وڵاتەکەی لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2014 داعش لە سوریاوە بۆ عێراق پەڕییەوەو بەشێکی زۆر لە ناوچە سونەنیشینەکانی عێراقی کۆنترۆڵکرد، بۆیە لە ئێستادا عێراق ترسی لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە.

ئاڵۆزییەکانی نێو سوریاو کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەک شاروشارۆچکە لەلایەن ئەو گروپە ئیسلامییانەی بە نزیکایەتی تورکیا تۆمەتبار دەکرێن، نەک تەنها حکومەتی عێراقی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڵکو جوڵەی چڕی خستووەتە نێو گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراقەوە.

دکتۆر سەباح زەنگەنە، مامۆستای زانکۆو چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق ترسی لە ئاڵۆزتربوونی دۆخی سوریا هەیەو داهاتووی ئەسەدیشی لا

ڕوون نییە، بە تایبەت تورکیا هاتووەتە ناو هاوکێشەکەوەو پشتگیری گروپە چەکدارەکان دەکات."

هەروەها وتیشی،"عێراق ترسی هەیە لەوەی پاڵنەرە ئیقلیمییەکان جوڵە بەو گروپانە بکەن بە ئاراستەی وڵاتەکەی، بۆیە ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر."

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕێوشوێنانەی حکومەتی عێراق لە ناوچە سنورییەکانی نزیک لە سوریا گرتوونییەتەبەر، گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە بە نزیکایەتی ئێران دادەنرێن هەوڵی ڕۆیشتن بۆ سوریا بۆ پشتگیری رژێمی ئەو وڵاتە دەدەن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، ئەبومحەمەد جۆلانی ڕێبەری دەستەی تەحریر شامی سوریا کە ناوی خۆی و هێزەکەی لە لیستی تیرۆردایە، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووەو داوایلێکردووە، ڕێگە بە هێزەکانی حەشدی شەعبی نەدات دەستوەردان لەکاروباری سوریا بکەن.

پەیامەکەی ڕێبەری دەستەی تەحریر شام لەکاتێکدایە، هێزە شیعەکانی عێراق ڕژێمی سوریا بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن و پێیانوایە لە حاڵەتی ڕووخانی ئەو ڕژێمەدا، فشارەکان بۆ سەر ئەوانیش چڕدەکرێنەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی کە ڕۆیشتوونەتە سوریا بۆ پشتگیری ئەسەدو شەڕکردن دژی گروپە ئیسلامییەکان زۆر نین، چونکە ناردنی هێزی زۆر ڕێوشوێنی قورسی پێویستە بگیرێتەبەر."

سەرچاوەکە دەڵێت،"سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەڵێن گەر لەلایەن سوریاوە داوایان لێبکرێت هێزی زۆر ڕەوانە دەکەن، بەڵام ناردنی هێزی زۆر بە ئاشکرا لە عێراقەوە بۆ سوریا قورسە، چونکە ئەو گروپانە لە هێرشی ئاسمانی دەترسن."

لەکاتێکدا عێراق سەرقاڵی توندوتۆڵکردنی ناوچە سنورییەکان و ڕێگرتنە لە پەڕینەوەی گروپە چەکدارەکان بۆ عێراق، بەڵام بەپێی زانیارییەکان جوڵەی چەکدارانی داعش بەراورد بە پێشووتر لە پارێزگاکانی دیالەو کەرکوک و سەڵاحەدین زیادیکردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی هەیئەی تەحریری شام هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش دا ڕەتدەکەنەوە، بەڵام بەڕای پسپۆڕانی بواری ئەمنی سەرکەوتنی ئەو گروپانە لەسوریا

کاریگەریان لەسەر جوڵەی داعش لە عێراق دەبێت، بەو پێیەی بە دوو هێزی "جیهادی تەکفیری" دادەنرێن.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی، شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش بە ژمارەیەک ماتۆڕسکیلەوە لە ناوچەی پەڵکانەی نزیک قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بینراون، لەکاتێکدا پێشتر جوڵەی بە کۆمەڵی لەم شێوەیەیان نەبووە.

نازم کەهیە، ڕێکخەری پێشووی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە باشوری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"جوڵەی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەستیپێکردووەتەوە و چەند شەوێک لەمەوبەر هێزە عێراقییەکانیان بۆردومانکردووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:35 0:00
XS
SM
MD
LG