Accessibility links

مەزڵوم عەبدی: ئەمەریکا بە چەندین شێواز هاوکاری کردووە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کوردانەی لە ناوچەکانی شەڕ لە سوریا هەڵاتوون


مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆژی هەینی لە شاری حەسەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و تیایدا هەڵوێستی هەسەدەی لەبارەی پرسە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا خستە ڕوو.

لە کۆنگرەکەدا عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە هەسەدە دوو مانگ لەمەوبەر لەو هێرشەی گرووپی چەکداری هەیئەت تەحریر ئەلشام ئاگادار کراوەتەوە بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بووە ئەوە بوو کە شکستە خێراکانی ڕژێمی سوریا دۆخێکی نائاسایی بەدوای خۆیدا هێناوە.

عەبدی گوتیشی " هێزەکانمان هەموو ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستنیان گرتووەتەبەر."

فەرماندەی گشتی هەسەدە سەرنجی خستە هەوڵەکان بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا و جەختی لەوە کردەوە کە پێشهاتەکانی ئەم دواییە شێوازی گفتوگۆکانی گۆڕیوە و دۆخێکی سیاسی نوێی هێناوەتە ئاراوە.

گوتیشی ئێستا لە جاران زیاتر چارەسەری سیاسی شیانی هەیە.

عەبدە گوتی "زۆر لایەن پەیوەندی بە هەسەدەوە کردووە، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەیوەندیمان پێوە دەکات."

فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی شکستە یەک لە دوای یەک و خێراکانی ڕژێمی سوریا و پێشکەوتنەکانی هێزەکانی کە هێرشەکەیان ئەنجام داوە، دۆخی دەیان هەزار کورد لە ناوچەی شەهبا و تلرەفعت و گەڕەکەکانی حەلەب کەوتووەتە مەترسییەکی گەورەوە. بەو پێیەش هەسەدە ڕێگایەکی بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی سڤیل کە لە ناوچەکانی شەڕ هەڵاتوون کردەوە، بەڵام هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئەو ڕێڕەوەیان داخستووە."

لە وەڵامی پرسیارێکی زانا عومەر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لەو کۆنگرەیە سەبارەت بەوەی ئایا هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هیچ ڕۆڵێکیان لە کردنەوەی ئەو ڕێڕەوەدا هەیە یان نا؟ عەبدی گوتی ئەمەریکا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بە چەندین شێوازی جیاواز هاوکارییەکی زۆری کردووە.

ئەو گوتی"لە ناو ئەو ناوچانە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان هەبووە و لەو چوارچێوەیەشدا هەزاران کوردی عەفرین گواسترانەوە بۆ ناوچە ئارامەکان".

لە وەڵامی پرسیارێکی تری دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەو کوردانەی لە ناوچەی شەهبا گیریان خواردووە و نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ڕێگایە بۆ دەرچوون، عەبدی گوتی "پەیوەندییەکان بەردەوامن، و چاوەڕوان دەکرێت زۆربەیان ئەمڕۆ هەینی دەربازبکرێن."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و هەیئەت تەحریر ئەلشام فەرماندەی گشتی هەسەدەجەختی لەوە کردەوە کە کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ هەیئەت زۆرن و لایەنی کەم لەم کاتەدا ئەوان بڕیاریان نەداوە هێرش بکەنە سەر هەسەدە.

بەڵام ڕایشیگەیاند "هیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ هێرشکردنە سەریان،بەڵام ئەگەر هەر لایەیەک هێرشمان بکاتەسەر، هەسەدە ئامادەیە وەڵام بداتەوە".

هاوکات باسی مەترسییەکانی داعش کرد و گوتی ئەوان هەوڵ دەدەن لەم کاتەدا هێرش بکەن و باسی لە چەندین هێرشیش کرد کە بەمدواییە ڕوویداوە لەوانەدا هێرشێک لە نزیک کەمپی هۆل، هێڕشێک لە شارۆچکەی مەرگەدا کە تیایدا چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژراون.

عەبدی گوتی "هەسەدە، لەگەڵ هاوپەیمانان، هەموو ڕێوشوێنێک دژی چالاکییەکانی داعش دەگرنەبەر، ڕێکارەکانیش لە زیندان و کەمپی هۆڵ گیراوەتەبەر".

لە دواین پەرەسەندنەکاندا پێشوەچوونەکانی گرووپە چەکدارەکانی نەیاری ئەسەد لەسەر ڕێگای حەما بەرەو شاری حومس بەردەوامە. سەرۆکی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەڵێت دوا ئامانجمان ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدە. هەندێک له ڕاپۆرتەکانیش باس لەپاشەکشەی هێزەکانی حکومەتی سوریا له شاری دێرەزور دەکەن.

XS
SM
MD
LG