بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە سوریاوە بڵاوبوونەتەوە، گروپە چەکدارەکانی نەیاری حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی هەیئەتی تەحریری شام ئێستا تەنها 20 کیلۆمەتر لە باشووری دیمەشقەوە دوورن.
حەسەن عەبدولغەنی، یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی تەحریری شام لە تێلێگرامدا نووسیویەتی "هێزەکانمان دوا قۆناغی گەمارۆدانی دیمەشقیان دەستپێکردووە".
پێش نزیکبوونەوەی خێرای یاخیبووانی سوریا لە دیمەشق، چەکداران دەرعاش لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەشار ئەسەد دەردەهێنن.
بەگوێرەی زانیارییەکان گروپە خۆجێییەکان هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەی هەواڵگری سەربازی لە شاری دەرعا و ڕێگەیان بە هێزەکانی سوپای سوریا داوە لە شارەکە دەربچن.
شاری دەرعا بەهایەکی ڕەمزی و ستراتیجی بۆ یاخیبووانی سووریا هەیە، چونکە ناڕەزایەتییەکانی لایەنگری دیموکراسی هاووڵاتیانی سووریا لە ساڵی 2011 لەو شارەوە دەستی پێکرد.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە دوای پێکدادانێکی قورس لە نێوان سوپای سوریا و گروپە چەکدارە خۆجێییەکان لە دەرعا، دواجار سوپای سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە شارەکە بەجێبهێڵێت ئەگەر گەرەنتی دەرچوونێکی سەلامەت بۆ سەربازەکانی بکرێت.
بە پێی هەواڵەکان لە ئێستادا کۆنترۆڵی شاری دەرعا و "نزیکەی 90%ی تەواوی پارێزگای دەرعا" لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە و هێزەکانی حکوومەتیش تەنیا لە سەنمین و گوندەکانی دەوروبەریدان.
پارێزگای دەرعا دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری ڕۆژئاوای سووریا و نزیک سنووری ئوردن و نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە.
سەرچاوە/بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە