کۆمەڵێک لە کەسایەتی و پەرلەمانتار و چالاکوانانی ناوخۆیی و دەرەکی لە شاری سلێمانی، کەمپەینێک بۆ هاوکاری ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنن و سەرپەرشتیاران دەڵێن،" کەمپەینەکە هەردوو لایەنی مرۆیی و سیاسی لەخۆی دەگرێت."
ئەمڕۆ 7ی مانگی 12 کۆمەڵێک لە چالاکوان، پەرلەمانتارانی خوولی پێشوو و چەند کەسایەتیەک لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریان ڕێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆکرا سەبارەت بە چۆنیەتی هاوکاری کردنی لێقەوماوانی کورد لە ڕۆژئاوا و هاوکات میکانیزی گەیاندنی هاوکاریەکان بۆ ئەو وڵاتە، لە لایەکی تریش ڕاگەیاندنی هەستیاری قۆناغەکە و مەترسیەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بە دەمەوەهاتنی لایەنە سیاسیەکان لێی.
گەشە دارا حەفید، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کەمپەینێکی هاوکاریمان ڕاگەیاند لەلایەن چەند کەسایەتی و پەرلەمانتار و کەسانی سەربەخۆوە، هەوڵەکان کەسین و هیچ لایەنێکی سیاسیان لە پشتەوە نییە، ئیشەکە وەک بەرپرسیارێتیەکی مرۆیی و سیاسیە."
وتیشی،" خۆشبەختانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک هاتبوون بە دەم داواکەمانەوە، چەند لیژنەیەک دروست دەکەین کە بتوانین کار بۆ ئەوە بکەین هاوکاری دارایی بگەیەنینە ئەو وڵاتە، لەلایەکی تریش دەنگی خۆمان بگەیەنینە لایەنە سیاسیەکان کە یەک دەنگ و یەک هەڵویست بن و لە هەستیاری دۆخەکە تێبگەن، کە ئەگەری پێشهاتی مەترسیدار هەیە، وەک کورد پێویستە بۆ ئەو گۆڕانکاریانە ئامادە بین، بۆئەمەش یاداشت پێشکەش بە لایەنە ناوخۆییەکان و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان دەکەین."
دوای ئەوەی ڕۆژی 29ی مانگی 11 گرووپە چەکدارەکانی هەیئەت تەحریر ئەلشام و هاوپەیمانەکانی کە بە گرووپی سوونەی تونڕەوی نزیک لە تورکیا دادەنرێن هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سوریا و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری ئەو شارەیان کۆنتڕۆڵکرد، دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ و بەردەوامی ئاڵۆزیەکان سەرجەم ئەو ولاتەی گرتۆتەوە.
بە هۆی ئاڵۆزیەکانی سوریاوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتە و کوردانی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوا ئاوارە بوون و لە دۆخێکی خراپی ژیانیدان، جگە لەم کەمپەینە تا ئێستا لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەم رووداوانەی ناوجەکەدا بێدەنگ و هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.
شوان محەمەد، یەکێکی تر لە بەشداربوانی کەمپەینەکە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند،" گەورەیی ڕووداوەکە وا پێویست دەکات کوردانی هەرچوارپارچە یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن، کوردانی هەرێم بە لایەنە سیاسیەکان و خەڵکیشەوە لەسەر خەت بن چۆن بتوانن ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزن، چونکە ئەم دۆخە دەکرێت دەرفەت بێت یاخود کێشە بێت، بۆیە هیوادارم کوردانی ڕۆژئاوا لە پاکتاوکردنی نەژادی بپارێزین، چونکە هەزاران کورد لە ژێر ئەو مەترسیەدان."
وتیشی،" داوا دەکەین لایەنە سیاسیەکانی هەرێم یەک هەڵویست بن و ڕاگەیاندنەکانیان بخەنە خزمەتی ئەو پرسەوە، هیوادارین پەیوەندیەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نەبێتە هۆی بێدەنگیان بەرامبەر ڕۆژئاوا، ئەگەر پشتگیریەکە سیاسیش نەبێت دەبێت لە ڕووی مرۆییەوە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی هاوبەشمان هەبێت."