دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە 7ی مانگی دوازدە لە پۆستێکدا لە تۆری کۆمەڵایەتی "تروث" بڵاویکردەوە و نووسی "ئەمەریکا نابێت خۆی بخاتە ناو شەڕی سوریاوە و کاری پێیەوە هەبێت."
ترامپ بە ئاماژەدان بە پێشڕەوی "بێوێنە"ی میلیشیاکان بە ڕێبەڕایەتی حەیات تەحریر شام و گەیشتنیان بۆ نزیک دیمەشق و ئامادەکارییان بۆ لابردنی بەشار ئەسەد، وتی "ڕووسیا بە لەدەستدانی 600 هەزار سەربازی لە ئۆکرانیا، توانای ئەوەی نەماوە ڕێگری لە پێشڕەوی ئۆپۆزسیۆنی ئەسەد لە سەرانسەری سوریا بکات."
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا گوتی کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا، لە ڕاستیدا "باشترین" شتە کە دەتوانێت ڕووبدات، چونکە مۆسکۆ هەرگیز بەرژەوەندییەکی ئەوتۆی لەو وڵاتەدا نەبووە.
لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە بارودۆخی خراپی سوریا، نووسیویەتی " ئەم وڵاتە دۆستی ئەمەریکا نییە و نابێت ئەمەریکا کاری پێوە هەبێت."
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمە شەڕی ئێمە نییە. با بەردەوام بێت. خۆتان مەخەنە ناو شەڕەکەوە."