ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە،7ی مانگی دوازدە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پیاوێکی لوبنانی کە زیاتر لە 40 ساڵ بێسەروشوێن بووە، دوای ئەوەی شاری حەمای سوریا لەلایەن یاخیبووەکانەوە گیرا، لە زیندان ئازادکرا.
بە پێی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز کاتێک موعەمەر ئەلعەلی لە فیلمەکاندا پیاوێکی ڕیشدار دەبینێت کە لە زیندانی حەما ئازاد کراوە، یەکسەر تێدەگات کە عەلی برایەتی کە نزیکەی 40 ساڵە بێسەروشوێن بووە.
موعەمەر لە ماڵەکەی خۆی لە باکوری لوبنان وتی "کەوتبووە دڵمەوە کە ئەوە براکەمە."
ئاماژەی بەوەشکرد لەو کاتەوەی کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە گرتە ڤیدیۆییەکەی بینیوە کە تێیدا براکەی بینیوە، تا ئێستا نەیانتوانیوە پەیوەندی بەیەکەوە بکەن.
ڕۆژنامەنووسێکی سوری لە حەما ڕایگەیاند ئەم زیندانییە لوبنانییە بە تەواوی یادەوەرییەکەی لەدەستداوە و نەیتوانیوە بڵێت کێیە.
بنەماڵەکەی کە دەیان ساڵە بەدوایدا گەڕاون، دەڵێن عەلی لە بازگەیەکی سوپای سوریا لە کاتی شەڕی ناوخۆی لوبناندا گیراوە کە تەمەنی 18 ساڵ بووە.
ئەم شەڕە لە ساڵی 1975 تا 1990 بەردەوام بوو.
لە کاتی داگیرکردنی شاری حەما لەلایەن یاخیبووانی چەکدارەوە، هەزاران زیندانی لە زیندانی بەدناوی ئەم شارە ئازاد کران.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئێستا هەزاران خێزان بە هیوای دۆزینەوەی کەسوکارەکانیانن کە لە ماوەی نیو سەدەی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە زیندانەکانی سوریادا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گروپەکانی مافی مرۆڤ، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتی سوریا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی 13 ساڵەی ئەم وڵاتەدا بێسەروشوێن بوون و بەشێکی زۆریان لە زینداندان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پربوون لە گرتەی ڤیدیۆیی کە تێیدا زیندانیانی سووری لە دوای کەوتنی حەلەب و حەما و سویدە ، لە زیندانەکانی ئەو شارانەدا ئازاد دەبن و هەندێکیان پەیوەندییان بە بنەماڵەکانیانەوە کردووە.
هەروەها نزیکەی 700 هاووڵاتی لوبنانی لە سوریا زیندانی کراون، بەپێی وتەی کەسوکاریان، زۆرێکیان بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی خۆیانەوە لەماوەی سێ دەیەی بوونی هێزەکانی سوریا لە وڵاتەکەیان دەستگیرکراون.