نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا ڕۆژی شەممە7ی مانگی دوازدە دوای پێشڕەوی خێرای یاخیبووان لە سووریا، داوای هێوربوونەوە و دوورکەوتنەوە لە خوێنڕشتنی کرد لەو وڵاتەدا.
گەیر پێدەرسن لە کۆبوونەوەی دۆحەدا کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت، جەختی لە خواستی خۆی بۆ کەمکردنەوەی گرژی و دوورکەوتنەوە لە خوێنڕشتن و پاراستنی خەڵکی مەدەنی بە پێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
هەروەها خوازیاری دەستپێکردنی پرۆسەیەک بوو کە ببێتە هۆی بەدیهێنانی خواستە ڕەواکانی گەلی سوریا.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا ڕایگەیاند، بانگهێشتی "دانوستانی سیاسی بەپەلە لە جنێڤ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش" کراوە و هیواشی دەربڕی کە بەم زووانە بتوانێت وادەی ئەو دانوستانانە ڕابگەیەنێت.
بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە مانگی دوازدی 2015 پەسەندکرا، نەخشەڕێگایەکە بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی سوریا.
بە بڕوای گەیر پێدەرسن گواستنەوەی سیاسی هەرگیز بەم ئاستە پێویست نەبووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە پێویستە بە پێکهێنانی دەستبەجێی پێکهاتەی گواستنەوەی گشتگیر و باوەڕپێکراوەوە دەست پێبکات.
ئەم قسانەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە جیاوازەکان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی یاخیبووان لە بارەگای بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا بڵاودەکرێنەوە.
سەرچاوە/رادیۆ فەردا