مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە ڕووخانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد، نوسیویەتی " ئێمە لە سوریا لە ساتەوەختێکی مێژوویدا دەژین، لە کاتێکدا ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەسەد لە دیمەشق دەبینین."
عەبدی دەشڵێت" ئەم گۆڕانکارییە دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ لەسەر بنەمای دیموکراسی و دادپەروەری کە مافەکانی هەموو خەڵکی سوریا مسۆگەر بکات."
گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەستپێکرد، دوای کۆنترۆڵکردنی چەندین شار و شارۆچکە لەوانە، حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە؛ بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53ساڵەی ئەسەد هێنا و بەشار ئەسەد بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵات.