Accessibility links

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سوریادا ناو دەبات


نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا ڕۆژی یەکشەممە8ی مانگی دوازدە دوای کەوتنی دیمەشق و هەڵهاتنی ئەسەد بۆ شوێنیکی نادیار، لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سوریادا بۆ نەتەوەیەک کە نزیکەی 14 ساڵە، ڕووبەرووی ئازارێکن کە وەسف ناکرێت."

گەیر پێدەرسن قووڵترین هاوسۆزی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە کرد کە ڕووبەڕووی قورسایی مەرگ و لەناوچوون و دەستبەسەرکردن و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بوونەتەوە.

پێدەرسن لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت "ئەم بابەتە تاریکە شوێنەواری قووڵی بەجێهێشتووە، بەڵام ئەمڕۆ بە هیوا و وریاییەوە چاوەڕێی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و ئاشتی و ئاشتەوایی و کەرامەت و گشتگیری بۆ هەموو سووریاییەکان دەکەین."

دەشڵێت "بۆ ئەوانەی ئاوارە بوون، ئەم ساتەوەختە هیوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان زیندوو دەکاتەوە. بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی شەڕەوە لەیەکتر جیابوونەتەوە، ئەمڕۆژە سەرەتای یەکگرتنەوەیان دەبێت. بۆ ئەوانەی بە ناڕەوا دەستبەسەر کراون و خێزانی دەستبەسەرکراوان و بێسەروشوێنەکان، ئەمڕۆ کردنەوەی دەرگای زیندانەکانە و گەیشتنە بە دادپەروەری."

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە نیگەرانییەکان و دروستبوونی پشێوی دەڵیت "خۆڕاگری گەلی سوریا ڕێگایەک بەرەو سوریایەکی یەکگرتوو و ئارام پێشکەشی خەڵکەکە دەکات."

ناوبراو داوای ڕێکخستنی گواستنەوەیەکی سەقامگیر و گشتگیر دەکات کە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی سوریا بەردەوام بن لە کارکردن.

پێدەرسن داوا لە هەموو خەڵکی سوریا دەکات هاوکاتی هەوڵدانیان بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکەیان، دیالۆگ و یەکێتی و ڕێزگرتن لە یاساکانی مرۆیی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ بخەنە پێشینەی کارەکانیانەوە.

XS
SM
MD
LG