فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، فەرماندەکەی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)کۆبووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی CENTCOM، ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کوریلا، فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدەدا کۆبووەتەوە.
هەروەها کوریلا چاوی بە هێزەکانی ئەمەریکاش کەوتووە لە چەند بنکەیەکی سوریا.
لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرکردەکەی CENTCOM تاوتوێی هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە شێوازی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا کرد لە کاتێکدا کە گۆڕانکارییەکان بە خێرایی لە سوریا ڕوودەەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی CENTCOM، کوریلا هەروەها زانیاری لەسەر هەوڵە بەردەوامەکان پێگەیشتووە بۆ ڕێگریکردن لە لەوەی داعش سود لە ڕەوشەکەی ئێستا وەربگرێت.
سێنتکۆم ڕایگەیاند کە پابەندە بە هەوڵەکان بۆ شکستپێهێنانی داعش.
ئەمە یەکەمجارە کە بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمەریکا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووەوە، سەردانی سوریا بکات.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا، ڕۆژی یەکشەممە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەمێننەوە بۆ درێژەدان بە ئەرکی تێکشکاندنی داعش.
سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا 75 ئامانجی داعشیان لە ناوەڕاستی سوریا پێکاوە.
هەروەها سێنتکۆم ڕایگەیاند کە کوریلا لەم سەردانەدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ محەممەد شیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکە لە بەغدا کۆبووەتەوە.
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر هاریکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی کراوە "هاوکات سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ئەندامێکی سەرەکی ئەم هاوپەیمانییە و پابەندە بە هاوکاریکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕاوەدونانی تیرۆریستییەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بپارێزێت."
ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سوریا و 2500 سەربازی لە عێراق هەیە، لە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە لە ساڵی 2014 دا پێکهێندرا.
لەمانگی نۆی 2024 عێراق و ئەمەریکا ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەعێراق تا مانگی نۆی 2025 و گواستنەوە بۆ قۆناغی هاوبەشییەکی ئاسایشی دوولایەنە.