دەسەڵاتدرانی کوردی ڕۆژئاوا کە بەشێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان بەدەستەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە،12ی مانگی دوازدە ڕایانگەیاند ئاڵای سێ ئەستێرەی چەکدارانی سوریا کە ئێستا دەسەڵاتی دیمەشقیان گرتووەتە دەست، لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا و ئەنجومەن و شوێنەکانی دیکەی پەیوەست بە دەسەڵاتی کوردی هەڵدەکەن.
دەسەڵاتی کوردی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "بڕیاریان داوە ئاڵای نوێی سوریا لەسەر هەموو ئەنجومەن و دامەزراوە و ئیدارە و شوێنە فەرمییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر هەڵبکەن".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵای سێ ئەستێرە بە سێ ڕەنگی سەوز و سپی و ڕەش لە جیاتی ئاڵای دوو ئەستێرەیی پێشوو کە بە ڕەنگی سوور و سپی و ڕەش بوو، بەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی دیمەشقدا هەڵکرا.
باڵیۆزخانەکانی سوریا لە جیهاندا ئاڵای سەردەمی ئەسەد و باوک و کوڕیان لابرد و ئاڵای سێ ئەستێرەیی نوێی سوریایان لە شوێندا هەڵکرد.
ئاڵا نوێیەکەی سوریا لە ڕاستیدا ئاڵایەکی کۆنە کە لە دوای دروستبوونی سوریا لە بەهاری ساڵی 1946 تا ساڵی 1958 کە سوریا و میسر یەکیان گرت و "کۆماری یەکگرتووی عەرەبی"یان ڕاگەیاند، بەکارهێنرابوو.
ڕەنگی سەوزی ئاڵا نوێکەی سوریا هێمای ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی موسڵمانانە و سپی هێمایە بۆ خانەدانی ئومەوی و ڕەنگی ڕەشیش هێمای عەباسیەکانە کە لە دەوروبەری ساڵی 750ی زایینی تا ناوەڕاستی سەدەی 13 فەرمانڕەوایان کردووە.
سێ ئەستێرە سوورەکە لە ناوەڕاستدا هێمای دیمەشق و حەلەب و دێرەزورن.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بەرپرسێکی کورد لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی ئاڵای سێ ئەستێرەیی بە هێڵێکی سەوزەوە هێمای قۆناغێکی نوێیە و گوزارشت لە خواستەکانی خەڵکی سوریا لەسەر بنەمای ئازادی و کەرامەت و یەکێتی نیشتمانی دەکات.
سەرچاوە/AFP