سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران دا، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکردووە گەر پارە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم بکرێت موچەی مانگەکانی 10 و 11 پێکەوە دابەش دەکرێن.
سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دا، ئاوات شێخ جەناب باسیلەوەکرد عێراق 761 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 10 ناردووە، بڕیاری داوە بە ناردنی 430 ملیار دیناری تریش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە ، گەر 761 ملیاری مانگی 11 بنێرێت، ئەوا موچەی مانگەکانی 10 و 11 پێکەوە دابەش دەکەن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچەی موچەخۆران، مانگانە پێویستی بە سەرووی 990 ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق 761 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی 10 ڕەوانە کردووە، بۆیە هەرێم بە بیانووی کورتهێنان تا ئێستا موچەی مانگی 10 ی دابەش نەکردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی داوە لەسەر ناردنی 430 ملیار دیناری تر بۆ هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەڵام هێشتا ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوەو نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
ڕۆژی چوارشەممە، 11ی مانگی 12 ی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و 12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا موچە دابەش بکرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گرفتی دابەش نەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی تاوتوێکرد، چاوەڕوان دەکرێت محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی بڕیار لە بارەی گرفتی کورتهێنانی موچەی هەرێمەوە بدات.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریداوە بە ناردنی 430 ملیار دینار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە وەکو ئەوەی هەرێم دەیڵێت، ئێستا هەرێم چاوەڕێی 760 ملیاری مانگی 11 دەکات ."
لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی 12 نزیک دەبینەوە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی 10 دابەش نەکراوە، سەبارەت بەوەی عێراق فریاری ناردنی پارەی مانگەکانی 11 و 12 دەکەوێت، سۆران عومەر وتی،"ڕاستکردنەوەی هەڵەی نوسراوی وەزارەتی دارایی هەرێم 11 ڕۆژی ویست، گەر ئەم هەڵانە بەردەوام بن پێناچێت عێراق فریای ناردنی پارە بکەوێت."
حکومەتی عێراق 12,67%ی کۆی بودجەی خەرجییە فیعلییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە، ئەمەش بووەتە مایەی ناکۆکی لەسەر پشکە بودجەی هەرێم، بەو پێیەی بەرپرسانی هەرێم ئاماژەبەوەدەکەن موچەی موچە خۆرانی هەرێم زیاتری لەو بودجەیە پێویستە کە مانگانە عێراق ڕەوانەی دەکات.
محەمەد حسێن، شارەزای بواری دارایی و ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر کێشەی سیاسین، بۆیە تا لە ڕووی سیاسییەوە کێشەکان چارەسەر نەکرێن کێشە دارایی و یاسایی و دەستورییەکانیش چارەسەر نابن."
ئەو وتیشی،"ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ جیاوازتر نابێت و گرفتی موچە لە هەرێم بەردەوام دەبێت، گەر ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە."
دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت لە هەندێک ناوچە مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی دەوامیان کردووە.