Accessibility links

ئایندەی یاسای قەیسەر لە دوای کەوتنی ڕژێمی ئەسەد


Syria Insurgency Leader
Syria Insurgency Leader

لە پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا ناڕوونی هەیە لەمەڕ مانەوە یان نەماوەنەوەی سزای قەیسەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سوریا کە لە سالی 2019 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دانۆڵد ترامپەوە واژۆکرا.

ئەو سزایە لە ساڵی 2020 لە سوریا خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە بە ئامانجی کۆتایهێنان بە جەنگ و ئەنجامدانی چاکسازی لە سوریا بوو، ئەو سزایە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کردە ئامانج کە لەگەڵ ئەسەد کاریان دەکرد.

یاسای قەیسەر، هاوکات لەگەڵ سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاک و کۆمپانیاکانی نزیک لە ئەسەد، لێپرسینەوەش لەو کەسانەی کە بەرپرسیاربوون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

چاودێرانی ئابوری دەڵێن، یاسای قەیسەر بۆ ماوەی 5 ساڵ بوو، بەڵام تا ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بەردەوام بوو، ڕوونیش نییە لە بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکادا پێداچوونەوە بە سزاکە دەکرێت یان نا؟

د. بیلال ڕەئوف مامۆستای زانکۆ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ناوەڕاستی ساڵی 2020 یاساکە چوویە بواری جێ بەجێ کردنەوە، تەواوی کەرتەکانی ئابوری و تەکنەلۆجیا و فڕۆکەوانیشی گرتەوە، توانی کاریگەری گەورە لەسەر ئابوری سوریا دروست بکات و بەهای لیرەی سوری بەڕێژەی 90% دابەزاند، کە لەکاتێکدا بوو شەڕی ناوخۆی سوریا بەردەوام بوو،بۆردومانی سوریا و ڕوسیا لەسەر هەندێک ناوچە هەبوو کە خەڵکی مەدەنی تێیدا بووبونە قوربانی ."

ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتیشی، "شەش مەرج دانرابوو بۆ لابردنی سزاکە، لەوانە ناردنی کۆمەک بۆ مەدەنیەکان و وەستانی موشەکبارانی سوریا و ڕوسیا و دروستکردنی دانوستان بۆ دروستکردنی حکومەتێکی گشتگیر لە سوریا، بەڵام جێ بەجێ نەکرا، هەرچەندە لە ناوەڕاستی ساڵی 2024 لەڕووی تیۆریەوە، کۆتایی بە سزاکە هاتبوو، بەڵام هیچ ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکی نەبوو بۆ ڕاگەیاندنی کۆتایی سزاکە،بەڵام کۆتایی سزاکە لەسەر ئەوە دەوەستێت حکومەتی نوێی سوریا تا چەند دەتوانن مەرجەکان جێ بەجێ بکەن."

ناوی ئەم یاسایە بە نێوی هاووڵاتییەکی سوریایی نراوە کە ناوی قەیسەر بوو، دوای ئەوەی، سەدان ووێنەی ئەشکەنجەکانی نێوزیندانەکانی سوریای گەیاندە کۆنگرێسی ئەمەریکا، سزایەک بەناوی سزای قەیسەر بەسەر39 کەس و قەوارەی حکومەتی سوریا سەپێنرا لە نێویاندا بەشار ئەسەدیش.

سوریا نزیکەی 14 ساڵە لە شەڕێکی ناوخۆییدایە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی سوریا لە دوای بەشار ئەسەد، ئایندەی سزائابوریەکانی سەر وڵاتەکە دیاری دەکات .

سەرۆکۆ یونس چاودێری ئابوری لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئابوری سوریا بەهۆ شەڕەناوخۆیەکان و کۆچکردن و ئاوارەبوونی نزیکە 6 ملیۆن هاووڵاتی بۆ دەرەوە بەتەواوەتی ئابوری سوریا لەگەڵ سزاکان داڕمابوو،سزاکە هەموو مامەڵەیەکی بازگارنی لەگەڵ ئەو ووڵاتە لە لایەن ئەمەریکاوە قەدەغەکرابوو، ئەوە حکومەتی نوێی سوریایە دەتوانێت ئەم سزایە بە پابەندبوون بە مەرجەکانی یاساکەوە هەڵیبوەشێنێتەوە."

سەرکۆیونس وتیشی، " ئابوری سوریا لە ڕابردوودا پشتی بەهاوکاریەکانی سوریا و ئێران بەستووە، دراوەکە هێزی شتکڕینی لە دەستدابوو، بە ووتەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدیش، هیچ یەدەگێکی دراوی بیانی سوریا لە بانکی ناوەندی سوریا نەماوە، سەقامگیری سیاسی و تەنها بە پشتیوانی نێودەوڵەتی لە سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی یان بانکە نێودەوڵەتیەکان دەتوانێت ئابوری سوریا باشتر بکات."

ئێستا سوریا لەلایەن تەحریر شامەوە بەڕێوەدەبرێت کە لقێکی سەر بە ئەلقاعیدە بووە و لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.حکومەتێکی ڕاگوزەریان پێکهێناوە بە ئامانجی بە ڕێوبردنی سوریا و وەڵامدانەوە داواکاریەکانی خەڵکی سوریا بۆ حکومەتێکی گشتگیر.

XS
SM
MD
LG