Accessibility links

زیندانی سەیدنایا لە سوریای بنەماڵەی ئەسەددا


زیندانی سەیدنایا، گرتوخانەیەکی تۆقێنەری حکومەتی سوریا بووە ناسراویشە بە ئەشکەنجەدانی دڕندانە و لەسێدارەدانی بێشوماری خەڵک. نازناوی قەسابخانەی مرۆڤ درابوو بەم زیندانە بەدناوە.
سەرهەڵداوانی ڕژێمەکەی بنەماڵەی ئەسەدیان ڕوخاند لە سوریادا، گیراوەکانیان ئازاد کردووە بەڵام هێشتاش هەزاران کەس چاوەڕوانن و بە هیوان کەسوکاریان ببیننەوە.
ئەحمەد بورکانی، هاووڵاتییەکی سوریاییە و بە شوێن کوڕەکەیدا دەگەڕێت و دەڵێت "ئەوکاتەی بردیانە سەیدنایا، تەمەنی 14 ساڵ بوو، نازانین هێشتا لێرەیە یان نا؛ ماوە، کوژراوە، یان لە ژورێکی ژێرزەمینیدایە؟!"

لەوەتای ساڵی 2011 و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە سوریادا، ڕژێمی ئەو وڵاتە دەیان هەزار کەسی دەستگیر کردووە و ئێستاش زۆربەیان بێسەروشوێنن، هاووڵاتیانیش بە هیوان لە سەیدنایا بیاندۆزنەوە.
لە دیمەشق توڕەیی لە ناخەوەیە و زۆریشن. لە پرسەی قوربانییەکی ناوداردا کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە، بە دەنگی ئەمەریکا گوتراوە "خەڵک داوای لەسێدارەدانی بەشار ئەلئەسەد دەکەن" ئەم داوایەش دوای کەمتر لە هەفتەیەکە لە ڕاکردنی ئەسەد بۆ مۆسکۆ.
مازن ئەلحەمادە، لە زینداندا گیانی لەدەستدا پاش ئەوەی بە ئاشکرایی باسی لەوە دەکرد کە ئەشکەنجە دراوە.
بەتێکڕایی، هەموو ئامادەبووانی پرسەکەی مازن، باسیان لەوە کردووە کە هەر یەکێکیان کەسێکی لەدەستداوە لەو زیندانە دڕندانەیەی لەگەڵ کەوتنی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەددا ئەمیش داڕما.

هێرشی سەرهەڵداوان بۆسەر ئەو زیندانە هەر تەنها ئازادکردنی ژمارەیەک لە زیندانییەکانی بەدوادا نەهات بەڵکو پەردەهەڵماڵینیش بوو لەسەر تۆمارەکانی ئەو زیندانە.
خەڵک کەوتوونەتە گەڕان بەناو ئەو بەڵگەنامانەی پەرش و بڵاوبوونەتەوە لە زیندانەکەدا و بە هیوای ئەوەن هەرچ زانیارییەک بێت دەستیان بکەوێت لەسەر کەسوکارە بێسەروشوێن بووەکانیان یانیش لە سێدارە دراوەکانیان.
هەندێک لەو بەڵگەنامانە ناوی ئەوانەی تیادان کە لە زیندان مردون یان لەسێدارە دراون.
بڕوا وەهایە بە هەزاران کەس لەو گرتوخانە بەدناوەدا زیندانی کرابن،
بەڵام کاتێک چەکدارەکانی هەیئەتی تەحریری شام دەگەنە جێ، تەنها 300 زیندانیکراو لە سەیدنایا بوون و ئەمەش گومانەکانی زیاتر کردوون کە دەشێت گیراوەکان بە کۆمەڵ لە سێدارە درابن، یان گواسترابنەوە و یانیش خرابنە ژێرزەمینەکانەوە.
زۆرێک لەوانەی بەشوێن کەسوکاریاندا دەگەڕێن، هەوڵەکانیان بەبێ ئەنجام ماونەتەوە و ئێستاش دەڵێن "بەو هیوایەن دادپەروەری قەرەبوویان بکاتەوە."

دایکی زیندانییەک بە دەنگی ئەمەریکای وتووە "خوای گەورە؟! کوڕەکەم لە کوێیە؟ دەمەوێت کوڕەکەم ببینم و باوەشی بکەم و بۆنی بکەم؛ نازانم لە کوێیە؛ لێیان سەندمەوە و خوای گەورە لەناویان ببات."
ژمارەیەکی بەرچاوی تەرمی قوربانییەکان لە نەخۆشخانەیەکن و خەڵک دەڵێن شوێنی برین بە تەرمەکانەوە هەن کە پێدەچێت قوربانییەکان بەر لە لێسەندنەوەی ژیان لێیان، ئەشکەنجەش درابن.

وێنەی تەرمەکان لەسەر دیوارەکانی دەرەوەی نەجۆشخانەکەوە هەڵواسراون،
لەناو نەخۆشخانەکەدا زۆرێکیش لەوانەی دەگەڕێن هێشتا تەرمی کەسوکارەکانیان نەدۆزیوەتەوە.
ماجیدە ئەبو ئەلعومانی، دایکی دوو کوڕی بێسەروشوێنکراوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کوڕەکانم لە 2014دا دەستگیرکران، بەڵگەنامەی مردنیشیان پێداین، بەڵام نازانین چییان بەسەر هاتووە؛ ئەم دیمەنانە سەر سپی دەکەن."
لە زیندانە بەدناوەکەی سەیدنایا خەڵکی تریش دەگەڕێن بە شوێن سەرەداوێکدا کە دەشێت یارمەتیدەر بێت بۆیان هەتا کەسوکارە بێسەروشوێنکراوەکانیان بدۆزنەوە؛ زۆرێکیشیان بڕوایان وەهایە کەسوکاریان هێشتا لە ژیاندان لە زیندانە نهێنییەکاندا.
خەمیس ئەلئیبراهیم، هاووڵاتییەکی سوریاییە و لەوبڕوایەدایە، وەک دەڵێت "خەڵک هەن لەژێر ئەم زەویەدا دەژین؛ ڕۆژێک و دووان نییە، ئەوە چوار پێنج ڕۆژە لێرەین و هێشتا هیچمان نەدۆزیوەتەوە.
خەڵک دەڵێن نازانن هۆکاری دەستگیرکردنی کەسوکاریان چییە، وەک دەڵێن "لەوانەیە شتێکی نەرێنییان لەسەر حکومەت وتبێت، یانیش لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بووبێت لە ناوچەیەکدا ژیاون کە شوێنی چالاکوانان و سەرهەڵداوان بووبێت."
کەسێکیش، هاوکاتی گەڕانەکانەکانی بە شوێن کەسوکاری دەستگیرکراویدا لە دەنگی ئەمەریکای پرسیوە "دەیان ساڵە جیهان ئەمە دەزانێت، بۆچی ئێستا دێن و وێنە دەگرن!؟"










XS
SM
MD
LG