زانایانی بەریتانیا دەڵێن لە لێکۆڵینەویەکدا گەشتونەتە ئەو ئەنجامەی وەرزش و چالاکی مامناوەندی وەکو ڕۆیشتن و پایسکلسواری ئەگەر بۆ ماوەی 30 خولەکیش بێت لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی بەهێزکردنێکی تێبینیکراو لە بیرەوەری مرۆڤدا.
توێژینەوەکەی زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەریخستووە کە 30 خولەک وەرزش و چالاکی مامناوەند یان بەهێز و خەوتن بۆ ماوەی لانیکەم شەش کاتژمێر لە شەودا، ڕاستەوخۆ کاریگەری دروستکردووە لەسەر بیرەوەری ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەکەیان لەسەرکراوە.
زانکۆکە لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر 76 کەس کە تەمەنیان لە نێوان 50-83 ساڵدایە و هیچ نەخۆشییەکی بیرەوەرییان نەبووە. بۆ ماوەی 8 ڕۆژ بە وردی چاودێری چالاکی و خەوتنیان کراوە و دواتر تاقیکردنەوی بیرەوەرییان پێکراوە.
لێکۆڵەران دەڵێن لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ئەو ڕۆژانەی کەسەکان وەرزشیان کردووە، توانیویانە بە ڕێژەی نێوان 2-5٪ سەرکەوتوتربن لە تاقیکردنەوە هزرییەکاندا.
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت بە پێچەوانەوە زیادکردنی تەنها 30 خولەکی ڕۆژانە لە ناچالاکی و دانیشتن ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازکردنی بیرەوەری کەسەکان.