Accessibility links

بەرپرسانی یەکگرتوو ئامادە نیین لێدوان لەبارەی سەردانی ئەمیندارەکەیانەوە بدەن بۆ تورکیا


دوای ئەوەی میدیاکانی یەکگرتوو بڵاویانکردەوە کە سەڵاحەدین بەهادینی ئەمینداری گشتی ئەو حزبە لەسەر بانگهێشتی فەرمی تورکیا چۆتە ئەو وڵاتە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبە ئامادەنین لێدوان لەبارەی ئەنجێنداو هۆکاری سەردانی ئەمیرەکەیانەوە بدەن. بەڵام بەرپرسێکی پێشووی ئەو حزبە دەڵێت،" زانیاریم هەیە کە مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین بۆ وەرگرتنی پرس و ڕا بانگهێشتکراوە."

ڕۆژی سێ شەممە 17ی مانگی دوانزەی 2024 میدیاکانی یەکگرتوو بڵاویان کردەوە کە ئەمیری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و لە لایەن جێگری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی مەلەفی عێراق پێشوازی لێکراوە.

بە پێی قسەی میدیاکانی ئەو حزبە لە سەردانەکەدا،" گفتوگۆ لەسەر کۆتا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەکراوە کە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بە گرنگی پاراستنی مافی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینی تەواوی لایەنەکان کردووە."

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، سەڵاحەدین بەهادین لە هەژماری فەرمی فەیس بووک و ئێکس باسی لە سەردانەکەی بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کردووە.

ئەمڕۆ 19ی مانگی 12 دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەنجێندا و هۆکاری سەردانەکەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو پەیوەندی کرد بە چەندین بەرپرسی باڵا لەو حزبەدا، بەڵام هیچ کام لە بەرپرسەکان بە بیانووی "نەبوونی زانیاری" ئامادە نەبوون لێدوان بدەن لەو بارەیەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەو حزبە کە ئێستا چاودێری سیاسیە، ئەو ڕایگەیاند،" زانیاریم هەیە ئامانجی سەردانەکە پرس و ڕاوەرگرتنی ما مۆستایە لەسەر دۆخی ناوچەکە."

محەمەد ڕەئووف چاودێری سیاسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پێشووی یەکگرتوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تورکیا سەرنجی داوە لەم دۆخەدا کێ دەتوانێت لە دیوەی ناوەوەی واقعەکە و سلێمانی و هەرێمی کوردستان خەڵك پێشبینی و ڕاوبۆچوونی چۆنە، بۆیە ئەوەی بە شەفاف و ڕاشکاو بینیویانە مامۆستا سەڵاحەدین بەهادینە، چونکە پێشتر ئەوەیان لێبینیوە، بۆیە پرس و ڕایان بەو کردووە سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، دۆخی ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان بە گشتی بۆ ئەوەی ئەو بەرچاوڕوونیەی هەیەتی بیدات بە تورکیا."

وتیشی،" ئەو زانیاریانەی من وەرم گرتووە مامۆستا جەختی کردۆتەوە کە کورد لە ئایندەی سوریا دەبێت ژمارە بێت و وجوودێکی بەرچاوی هەبێت، وە دە بێت لە دەستوری ئایندەدا جێگیر بکرێت، لە کۆبوونەوەکانی پێشتردا هەرگیز گوێم لێنەبووە وشەیەک دژی کورد بوترێت، ئەمجارەش لە بەرژەوەندی گشتی و کوردانی سوریاش قسەی کردووە، واتە بەرژەوەندی هەرێم و تورکیاش لە چیدایە لەو ڕووەووە قسەی کردووە."

لەلایەکی ترەوە سەردانەکەی سەڵاحەدین بەهادین ڕەخنەی زۆری لەلایەن چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆکاری شەڕی تورکیا و گروپە جیهادیەکانی نزیک لەو وڵاتە لە دژی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و چالاکوانان و دەڵێن،" سەردانەکە لەم قۆناغەدا دەچێتە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی تورکیا."

عوسمان گوڵپی چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دۆخی سوریا زۆر ناجێگیرە و ناوچەکە پێدەچێت بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بچێت، هێزە سیاسیەکان دەبێت زۆر بە وریایانە مامەڵە بکەن و لەگەڵ دۆخەکەدا بجوڵینەوە."

وتیشی،" هەرسەردان و هەماهەنگیەک لەم کاتەدا دەچێتە خزمەتی بەرژەوەندی سیاسەتەکانی تورکیا لە ناوچەکە."

XS
SM
MD
LG