Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای شیعە: هەر هێزێک لە عێراقەوە هێرش ئەنجام بدات بەرپرسیارێتی عێراق و گەلەکەی دەکەوێتە ئەستۆی


وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسری شیعی ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق دۆخەکەی کۆنترۆڵکردووەو هیچ هێرشێکی نوێ لەلایەن هێزە چەکدارە شیعەکانی عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام نەدراوە، بەرپرسیارێتی بەرامبەر عێراق و گەلەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی هەر هێزێک لە عێراقەوە هێرش ئەنجام بدات.

سەلام زوبێدی، وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەر هێزێک لە عێراقەوە هێرش ئەنجام بدات یاخیبوونە لە دەوڵەت و بڕیاڕەکانی دەوڵەت، عێراقیش دەخاتە بەردەم ئەگەری هێرشی ئەمەریکاو ئیسرائیل، بۆیە دەبێت هێزە چەکدارەکان لە ڕێگەی پەیوەندییان لەگەڵ حکومەت ودامەزراوە سەربازییەکانەوە حساباتی ورد بۆ دۆخەکە بکەن."

دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە مانگی دەی ساڵی 2023، میلیشیا شیعەکانی عێراق بوون بە بەشێک لەو شەڕەو ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند.

بەپێی بەیاننامەی میلیشیا شیعەکانی عێراق، لە مانگی 11 ی ساڵی 2023ەوە تا ئێستا نزیکەی 315 هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل کەمتر لە 100 هێرشیان پشتڕاستکردووەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای پێشووی عێراق کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بۆردومانی ئیسرائیل لەلایەن میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە بایەخی ستراتیژی نەما، چونکە پێشتر میلیشیا شیعەکان بۆ سەرقاڵکردنی ئیسرائیل و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر غەززەو حیزبوڵاو سوریا بۆردومانیان دەکرد، ئێستا دۆخەکە گۆڕا."

دەشڵێت،"گەر لەمەودوا میلیشیا شیعەکان لە عێراقەوە ئیسرائیل بۆردومان بکەن، ئەوا خۆیان پاساو دەدەن بە دەستەوەو گورزی گەورەیان لێدەوەشێنرێت. فشارێکی

زۆری ناوخۆیی عێراق و مەرجەعیەت و حکومەت لەسەر میلیشیاکانەو بەردەوام بەیاننامە بڵاو دەکەنەوەو جەخت لەسەر ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانیان دەکەنەوە."

میلیشیا شیعەکانی عێراق لە ڕابردوودا زۆربەی هێرشەکانیان لەناو خاکی سوریاوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دەدا، بەڵام چیتر سوریا وەکو پێگەی ئەو گروپانە کۆتایی هات و ناتوانن بۆ چالاکییە سەربازییەکانیان بەکاری بهێنن، بەو پێیەی دەسەڵاتی نوێی سوریا نەیاری ئەو گروپانەیە.

بۆ ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لە دژی ئیسرائیل، لەمەودوا میلیشیا شیعەکانی عێراق دەبێت خاکی عێراق بەکاربهێنن، ئەمەش جگە لەوەی دووچاری پێکدادانیان لە گەڵ حکومەتی عێراق دەکات، دەیانخاتە بەردەم ئەگەری هێرشی سەربازی ئیسرائیلیش.

سەلام زوبێدی دەڵێت،"هەڵوێستی حکومەتی عێراقە ڕوونە، ڕاگەیاندنی شەڕو ئاشتی بەدەست حکومەتەوەیەو حکومەتیش هەوڵەکانی بۆ ڕێگرتن لە فراوانبوونی شەڕ خستووەتەگەر."

دەشڵێت،"هەر بڕیارێک لەدەرەوەی بڕیاری حکومەت یاخی بوونە لە حکومەت و سەروەری عێراق، حکومەت لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هێزە چەکدارەکان بۆ ئەوەی پابەند بن بە بڕیارەکانییەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، 23 ی مانگی 12 ی 2024، کەتیبەکانی سەیدوشوهەدای عێراق، ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند،هۆکارەکەشی بۆ مەسەلەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گێڕایەوە.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەڕانەوەی ئیدارەی ترەمپ و گۆڕانکارییە خێراکانی سوریا میلیشیا شیعەکانی عێراقی ترساندووە."

ئەو وتیشی،"زۆر بە خێرایی و بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ڕژێمی سوریا ڕووخا، ترەمپیش دەگەڕێتەوەو نزیکەکانی دۆستی ئیسرائیلن، هەموو ئەمانە مایەی ترسن بۆ میلیشیا شیعەکانی عێراق."

لەکاتێکدا پێشتر میدیاکان ئاماژەیان بەهەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکرد، بەڵام بەرپرسانی ئەو هێزە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبییان ڕەتکردەوەو وەکو بەشێک لە هێزە فەرمییەکانی عێراق ناویان برد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:46 0:00

XS
SM
MD
LG