چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئازەربایجان دەڵێن ڕووسیا ئەو فڕۆکەیەی وڵاتەکەیانی خستووەتە خوارەوە کە بە هۆیەوە نزیکەی 40 سەرنیشین گیانیان لەدەستدا.
چوار سەرچاوە لە ئازەربایجان کە ئاگاداری لێکۆڵینەوەکانن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان کە ڕۆژی چوارشەممە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە، لە لایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیاوە کراوەتە ئامانج.
فڕۆکەی ئیمبرا EMBR3.SA کە دوێنێ لە ئازەربایجانەوە بەرەو ڕووسیا دەڕۆیشت لە نزیک شاری ئاکتاو لە کازاخستان کەوتە خوارەوە.
فڕۆکەکە 67 سەرنشین و پێنج ئەندامی دەستەی فڕۆکەکەی هەڵگرتبوو و بەگوێرەی دوایین لێدوانی کاربەدەستانی ئازەربایجان 38 کەسیان لە ڕووداوەکەدا کوژراون.
هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان دەڵێت فڕۆکەی ئیمبرایر 190 کە ژمارە J2-8243 ی هەیە لە باکووە بەرەو گرۆزنی هەرێمی چیچان ڕۆیشتووە. بەڵام دواتر ڕێڕەوەکەی گۆڕیوە لەو ناوچەیەی ڕووسیادا کە لە چەند مانگی ڕابردوو بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیاوە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیای تێدا چالاککراوە.
کاربەدەستانی فەرمی دەڵێن فڕۆکەکە بە جیاوازی سەدان کیلۆمەتر ڕێڕەوی گۆڕیوە و بە دووری 3 کیلۆمەتر لە شاری ئاکتاو لە کازاخستان کەوتووە.
دەزگای چاودێری فڕۆکەوانی ڕووسیا وتی ڕووداوەکە حاڵەتێکی نائاسایی بووە کە ڕەنگە بەهۆی ڕەوی باڵندەکانەوە بووبێت. بەڵام هەندیک لە پسپۆڕانی فڕۆکەوانی ئەو هۆکارە بەدوور دەزانن.
کاربەدەستانی ڕووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆشدارییان دا لە پشتبەستن بە "گریمانەکان" سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە.
لە مۆسکۆ، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی حکومەتی ڕووسیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "هەڵە دەبێت ئەگەر هەر گریمانەیەک بخەینەڕوو پێش دەرەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان. ئێمە بێگومان ئەمە ناکەین و کەسیش نابێت ئەمە بکات. پێویستە چاوەڕێ بکەین هەتا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن."