بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی سەباحی نزیک لە حکومەت، تورکیا بڕیاری داوە ڕێگە بە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ناسراو بە دەم، کە پارتێکی سەربە کوردەکانە، بدات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی.
ماڵپەڕی ڕۆژنامەکە نووسیویەتی چاوەڕوان دەکرێت شاندەکەی پارتی دەم ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینی سەردانی زیندانی دوورگەی ئیمرالی بکات، بەڵام ماڵپەڕەکە ئاماژەی بە سەرچاوەی زانیارییەکان نەکردووە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات دەوڵەت باخچەلی، هاوپەیمانی سەرەکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشنیاری ئەم هەنگاوەی کرد وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی 40 ساڵەی نێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
ڕۆژی 22ی مانگی دە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) داوای لە ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.
بانگەوازەکەی باخچەلی لە کارنامەی تورکیادا دەنگیدایەوە و گفتوگۆ لەسەر پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی هەبوو.
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (پارتی دەم) کە برازای عەبدوڵا ئۆجەلانە، دوای بانگەوازەکەی باخچەلی ڕایگەیاند، چاوی بە سەرۆکی پەکەکە کەوتووە.
عومەر ئۆجەلان لە 24ی مانگی دە لە تویتێکدا ڕایگەیاند ئێمە وەک خێزانێک چاومان بە یەک کەوتووە و لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی پێشهاتە سیاسییە گشتییەکانمان کردووە.
گوتیشی"داوای کرد ئەم پەیامە بگەیەنمە ڕای گشتی كە، گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی".
سەرچاوە: ڕۆیتەرز