وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند ڕۆژنامەوانێکی ئیتاڵی زیاتر لە هەفتەیەکە لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستگیرکراوە. وەزارەتەکە دەڵێت بە وردی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات.
سیسیلیا سالا، تەمەن 29 ساڵ، لە ڕۆژنامەی ئیل فۆگلیۆ و لە کۆمپانیای پۆدکاستی چۆرا میدیا کاردەکات. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کچە ڕۆژی 19ی مانگی 12 لە تاران لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، حکومەتی ئیتاڵیا "لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێراندا کاریکردووە بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی یاسایی سیسیلیا سالا و پشتڕاستکردنەوەی هۆکاری دەستبەسەرکردنی".
چۆرا میدیا لە بەیاننامەیەکی جیادا باسی لەوە کرد کە سەلا لە زیندانی ئێڤین لە تاران لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و هیچ هۆکارێک بۆ دەستبەسەرکردنی نەخراوەتەڕوو.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ڕوونیش نییە ئایا ئەو دەستگیرکردنە پەیوەندی بە گرژییەکانی نێوان ڕۆما و تارانەوە هەیە یان نا. دوای ئەوەی ئێران هەفتەی ڕابردوو دیپلۆماتکارێکی باڵای ئیتاڵیا و باڵیۆزی سویسرای بانگهێشت کرد کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لەو وڵاتەدا، بەهۆی دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتی ئێرانی. یەکێک لەو کەسانە لەسەر داوای واشنتۆن لە ئیتاڵیا دەستگیرکراوە.
چۆرا میدیا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەلا لە 12ی مانگی 12 دا بە ڤیزەی کاری ڕۆژنامەوانی لە ڕۆماوە بەرەو تاران ڕۆشتووە و چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە و سێ ئەڵقەی پۆدکاستەکەی "چیرۆکەکان"ی بەرهەمهێناوە. بڕیاربوو لە 20ی 12 بە فڕۆکە بگەڕێتەوە ڕۆما.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و کۆمپانیای چۆرا ڕایانگەیاندووە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە ئێران ڕۆژی هەینی سەردانی سەلای لە زینداندا کردووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ڕۆژنامەنووسە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەکەیدا ئەنجام داوە.
چۆرا دەڵێت هەواڵی دەستگیرکردنی دەستبەجێ ئاشکرا نەکرا، چونکە خێزانەکەی و دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا هیوایان خواستبوو کە ئاشکرانەکردنی بتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی خێرا.
سەرچاوە: فرانس پرێس، ڕۆیتەرز